دژی لێبڕینی %21ی مووچە فه‌رمانبه‌رانى هه‌ڵه‌بجه‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا

0
474
گردبوونه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌ڵه‌بجه‌ | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمەسەعید
لە بەرامبەر دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و دووبارە دەركردنی بڕیاری لێبڕینی %21 مووچە، سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ بە بەشداری ژمارەیەك لە مامۆستایان و مووچەخۆران و چین و توێژە جیاوازەكانی هەڵەبجە خۆپیشاندانێكی ناڕەزایەتی به‌ڕێوه‌چوو.

محەمەد ڕۆستەم، یەكێك لە مامۆستایانی بەشدار لە خۆپیشاندانەكە بە SNNی راگەیاند: “لە بەرامبەر ئەو بێباكییەی كە حكومەت لە بەرامبەر مووچەخۆران و هاووڵاتییان دەستیداوەتێ‌ وەك ژمارەیەك لە مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەڵەبجە بە پێویستمازانی كە ناڕەزایەتییەكانمان تەنیا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بچوك نەكەینەوە، بەڵكو بێینە سەر شەقام و داوای مافەكانمان بكەین كە بەبێ‌ هیچ پاڵپشتیه‌كی یاسایی مافەكانمان دەخورێت”.

وتیشى: “ئەم خۆپیشاندانەی ئێمە دەستی هیچ حزب و رێكخراو و گروپێكی لەپشتەوە نییە، تەواو خۆپیشاندانێكی خۆڕسكە و رێگەش نادەین هیچ حزب و گروپێك خۆی بكاتە خاوەنی، چونكە گەیشتوینەتە ئەو بڕوایەی هیچ حزبێك لە دڵسۆزی مووچەخۆران و هاووڵاتییان كارناكات، دوومانگیشە مووچەمان وەرنەگرتووە و هیچ هەڵوێستێكی جددیمان لێ‌ نەبینین”.

ئەو بەشداربووەی خۆپیشاندانەكەی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: “ئێمە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەردەوام دەبین، چونكە بێدەنگبوونمان بوو وای لە حكومەت كرد بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ هیچ دامەزراوەیەك بڕیاری لێبڕینی مووچە بدات و بە دوو مانگ جارێكیش مووچە دابەشبكات”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this