جوتیارێكى كورد بە رێگهى چاندنی تۆو 80 هەزار نەمامی فستق بەرهەم دەهێنێت

كێڵگهى بهرههمهێنانى دارى فستق له گوندى قلرخ | فۆتۆ: SNN
SNN – عەلی حەمەسەعید
جوتیارێكی دانیشتووی گوندی (قلرخ)ی سەربە قەزای سەیدسادق ماوەی سێ ساڵە لەڕێگەی چاندنی تۆوەوە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی نەمامی فستقە، تا ئێستا 80 هەزار نەمامی بەرهەمهێناوە.
جەلال قادر، ئەو جوتیارەی ماوەی سێ ساڵە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی نەمامی فستقە بە SNNی راگەیاند: “لە رووبەری دوو دۆنم زەویدا ماوەی سێ ساڵە دەستم بە بەرهەمهێنانی نەمامی فستق كردووە، لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا توانیومە زیاتر لە 80 هەزار نەمام بەرهەمبهێنم، ئهمساڵیش 45 هەزار نەمامی فستقم ئامادەكردووە بۆ چاندن، ئەو جۆرەشی بەرهەممهێناوە فستقی بادەمییە، كە نرخی یەك كیلۆ لە تۆوەكەی 80 هەزار دینارە و تۆوەكەم لە شاری رەفسنجانی ئێرانەوە هێناومە و دەیكەم بە نەمام”.
وتیشى: “نەمامەكانمان لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دەفرۆشم، هەرنەمامێكێش بە دوو تا سێ هەزار دینار دەفرۆشم، ئهم جۆره نهمامه لەپایزدا بچێنرێت زۆر باشە، لەبەر ئەوەی خۆی ئامادەدەكات بۆ گەشەكردن”.
ئهو جووتیاره ئاماژه بهوهشدهكات، “ساڵانە بەردەوام خواست لەسەر نەمامی فستق زیاد دەكات، چونكە دوایی ناشتنی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەستدەكات بە بەرهەم، تا تەمەنی دارەكانیش زیاتر ببێت بەرهەمیشیان زۆر دەبێت و جاری وا هەیە تەنیا دارێك بڕی 150 كیلۆ فستق بەرهەمدەهێنێت”.
جەلال قادر لهباره گونجاوى خاك و ئاوههواى كوردستان بۆ چاندنى دارى فستق دهشڵێت: “ژینگەی كوردستان لەڕووی خاك و ئاوهەواوە زۆر گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی فستق، جگە لەو ناوچانەی كە ئاوی ژێرزەوی لێوەی نزیكە وەك كەناری رووبار و دەریاچەكان، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ناشتنی فستق لە ناوچە دێمەكان زیاتر سەركەوتوو ترە، چونكە رەگی فستق بە رێژەیەكی زۆر بەرەوخوار دەڕوات، بۆ ماوەی دوو ساڵ پێویستە ئاوی بدرێت، داوای ئەوە پێویستی بە ئاو نابێت”.
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
وەرزش
-
دیارترین ئەو 5 یاریزانەی مایەپوچبوون
2020-05-26 -
مباپی بڕیارە چاوەڕوان نەکراوەکەی دا
2020-05-17