دوو گەندەڵیی مەسرور بارزانی لە کابینەی نۆ ئاشکرا دەبێت

0
1971

SNN

بەپێی دوو دۆکیومێنتی تایبەت کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی واژووی کردوون، بارزانی دژ بە یاسا کارپێکراوەکان و بنەماکانی حوکمڕانیی چاک و پڕۆژەی چاکسازیی، لە بەرژەوەندیی کۆمپانیای ئاسکۆ ئینتەرناشناڵی نزیک لە خۆی “بەدەر” لە یاساکان، بڕیارەکانی دەرکردووە و ئیستیسنای بۆ ئەو کۆمپانیایەی نزیک لە خۆیەوە کردووە لە دەرەوەی بڕیارەکانی کابینەی پێشوو و ئێستا.
بڕیارەکان پەیوەستن بە ئەنجومەنی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنەکە پێکهاتووە لە سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری بازرگانی، وەزیری شارەوانی، وەزیری دارایی، بەڵام سەرۆکی حکومەت نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەنجومەنەکە و تاکلایەنە بڕیارەکانی دەرکردووە.

بارزانی نە لەگەڵ هیچ ئەندامێکی ئەنجومەنەکە گفتوگۆی ئەو بڕیارانەی کردووە، نە لەڕێی کۆبوونەوەیەکی رەسمیشەوە ئەو بڕیارانەی دەرکردووە، بەڵکو ویستی خۆی بووە و سەپاندوویەتی.

رۆژی 19ی تەمموزی 2020 بارزانی بڕیارێکی دەرکردووە کە تێیدا دەڵێت: “سەبارەت بە پڕۆژەی ئاسکۆ کە بریتییە لە پڕۆژەیەکی گەشتیاریی و بازرگانیی کە سێ باڵەخانەی 70 نهۆمیی و هۆتێلێکی پێنج ئەستێرە و چەند باڵەخانەیەکی بازرگانی لەگەڵ بەشی خزمەتگوزاری لەسەر پارچە زەوی 3/1ک 85 کلکین و 6.70/63ک90 پیرزین بە رووبەری 105847م2 کە خاوەنی مۆڵەتی ژمارە 137 هەولێر لە 17ی 16ی 2016 بەپێی فەرمانی دەستە ژمارە 4269 لە 3ی 11ی 2015 پێکهاتە و سێکتەری نیشتەجێبوون زیادکرا.
بڕیاردرا:
1- بە زیادکردنی سێکتەری نیشتەجێبوون بۆ پڕۆژەی بارزگانیی و گەشتیاریی ئاسکۆ ئینتەرناشناڵ وەبەرهێنەر کۆمپانیای ئاسکۆ خاوەنی مۆڵەتی ژمارە 137 لە 17ی حوزەیرانی 2014.
دووەم: ئەو مۆڵەتە دەدرێت بەدەر لە هەرسێ بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان ژمارە 109 لە 27ی حوزەیرانی 2012 و ژمارە 154 لە 16ی کانونی یەکەمی 2012 و ژمارە 199 لە 15ی ئەیلولی 2014.
سێیەم: لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکانە ئەو بڕیارە لە رۆژی دەرچونیەوە جێبەجێبکەن.

بەپێی هەواڵێکی سایتی کوردستان تایمز، ئەو بڕیارەی بارزانی دژی سێ بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانە و دەرکردنیان لە بەرژەوەندیی ئەو کۆمپانیایە تەنها بەهۆی نزیکایەتیی ئەو کۆمپانیایەیە لە بارزانی خۆیەوە.

لە ئێستادا پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان وەستاون و مۆڵەت نادرێتە هیچ پڕۆژەیەکی نوێ، هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان ناتوانرێت بگۆڕدرێت، بەڵام بارزانی دەسەڵاتەکانی خۆی بەنایاسایی بەکارهێناوە بۆ کۆمپانیایەکی نزیک لە خۆی.

هەر بەپێی دۆکیومێنتێکی دیکە کە ژمارە 575 رۆژی 19ی تەمووزی 2020 لەسەرە، بارزانی ئیمزای لەسەر بڕیارێک کردووە کە بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی زاخۆ و سۆران دەبەستێتەوە بە دەستەی وەبەرهێنان، واتا دوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەکاتەوە کە لە ئێستادا جگە لە زیادکردنی قوڕسایی لەسەر بودجەی گشتیی پێویستییەکی بەپەلە نین، هەروەها ئەو بڕیارە دژ بە یاسایە، چونکە تەنها پارێزگاکان و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و رانیە دەتوانن بەڕێوەبەرایەتی گشتییان هەبێت نەک قەزاکان، چونکە بەپێی یاسا تەنیا گەرمیان ئیدارەی سەربەخۆیە و بەپێی بڕیاریش تەنیا راپەڕین ئیدارەی سەربەخۆیە.

سۆران و زاخۆ دەمێکە دەبوایە بکرابونایە ئیدارە بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەڵام بارزانی لە کاتێکدا ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە دەکاتەوە کە هیچ پێویست نین بۆ ئەو دوو قەزایە لە ئێستادا و پڕۆژەی دیکەی جدیی هەن کە پێویستە جێبەجێبکرێن، بەڵام ئەو دوو پڕۆژەیە بۆ جێبەجێکردنی ویستی بارزانیی خۆیی و فراوانکردنی نفوزی خۆیەتی.

لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە کە سیاسەتی سکگوشین و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی جێبەجێبکات، کابینەکەی بارزانیی زیاتر هەوڵی فراوانکردنی بزنسی بارزانی دەدات و حکومەت بەکاردەهێنێت بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی لەناو حیزبەکەی و هەرێمی کوردستاندا.
بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت چاکسازیی بکات، دەبێت یاسا و بڕیارەکانی پێشوو پێداچونەوەیان بۆ بکرێت، بخرێنە خزمەت سیاسەتی گشتیی و چاکسازیی، نەک سەرۆکوەزیران یاسا و بڕیارەکانی خۆیی و هی پێش خۆییشی پێشێل بکات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this