“تەقەكردن لە خۆپیشاندەرانی هەڵەبجە لەلایەن پاسەوانەکانی لقی 12ی پارتییەوە پێچەوانەی یاسایە”

0
376

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای ئەوەی شەوی رابردوو لەلایەن پاسەوانانی لقی 12ی پارتییەوە تەقە لە خۆپیشاندەرانی هەڵەبجە كرا، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: “تەقەكردن لە خۆپیشاندەران كارێكی تەواو هەڵەیە و پێچەوانەی یاسایە”.

باڵامبۆ محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنی خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “ئەگەرچی خۆپیشاندانی هاووڵاتییان و داواکردنی مافەکانیان كارێكی رێگەپێدراوە، بەڵام ئەوەی شەوی رابردوو لە هەڵەبجە روویدا بە هێرشكردنە سەر بینای حكومی و سوتاندنی چەند فەرمانگەیەك كارێكی نەشیاو بوو، چونكە داواكردنی ماف بە سوتاندنی ئەو فەرمانگە حكومییەكانە وەرناگیرێتەوە ،جگە لەوەی خودی هاووڵاتییان زەرەرمەند دەبن”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “لە خۆپیشاندانی شەوی رابردووی هەڵەبجە لەلایەن پاسەوانی لقی 12ی پارتی تەقە لە خۆپیشاندەران کراوە ئەمەش كارێكی تەواو هەڵەیە و پێچەوانەی یاسایە، چونكە ناكرێت داواكردنی ماف و ئەنجامدانی خۆپیشاندان بە گولە وەڵام بدرێنەوە، ئەوەشی دەوترێت سەرەتا لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە تەقەكراوە، ئەگەر وابێت ئەمەش هەر هەڵەیە و پێچەوانەی یاسایە بەڵام وەڵامدانەوەی هەر بە تەقە ئەوەش جارێكی دیكە هەڵەیەكی دیكەیە و نەدەبوو پاسەوانانی ئەو بارەگا حزبییە تەقە لەخۆپیشاندەران بكەن”.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: “دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەڵەبجە لێكۆڵینەوەكانیان لەم بارەیەوە دەستپێبكەن و بۆ ڕای گشتی روونبكەنەوە هۆكاری تەقەكردن لە خۆپیشاندەران و دواتر سوتاندنی دامودەزگاحكومییەكان بەچ شێوەیەك بووە و كەسانی بەرپرس لەوكارە رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە”.

شەوی ڕابردوو خۆپیشاندانی بەشێك لە هاووڵاتییانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە هێرشیانکردە سەر بەشێک لە دامودەزگا حكومییەکانی ئەو شارە و سەرۆكایەتی شارەوانی و بنكەی هاتووچۆ سوتێندران، هەریەكە لە قایمقامیەت و پۆلیسی هەڵەبجەش زیانیان بەركەوت، هەرچەندە خۆپیشاندەران ویستیان بەرەو لقی 12ی پارتی بڕۆن بەڵام لەلایەن پاسەوانانی ئەو بارەگایەوە تەقە لە خۆپیشاندەران كرا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this