حکومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێکی لە بواری چاکسازی ئابووری نەناوە و ژێرخانی ئابووری هەرێم بەرەو داڕمان دەڕوات

0
456

SNN- محەمەد مستەفا

لە دواین لێدوانی رۆژنامەوانیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی رایگەیاند: ستراتیژیەتی ئابووری ئەوان تەنیا مووچە ناگرێتەوە بەڵکو چاکسازی لە هەموو کەرتەکانی ئابووری دەکەن و چاکسازی گەورەشیان لەو بوارەدا ئەنجامداوە، بەڵام پەرلەمانتارێک و ئابووریناسێک پێیانوایە کە ” قسەکانی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ دۆخی ئابووری هەرێم یەک ناگرێتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری ئابووری نەک چاکسازی نەکردووە، بەڵکو ئەو ژێرخانە ئابووریەی کە لە هەرێم هەیە خەریکە ئەویش بەرەو داڕمان دەڕوات “.

“چۆن باسی چاکسازی ئابووری دەکرێت، لە کاتێکدا جگەلە بن دیواری ناوخۆ بن دیوارمان لە سێ پارچەکەی تری کوردستانیش هەیە “

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەSNNی راگەیاند: گرنگترین چاکسازی پێویستە لە کەرتی مووچەدا بکرێت، چونکە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەدان هەزار بن دیوار مووچەخۆری ناشایستە و خانەنشینی نایاسایی تێدایە، جگە لە بندیواری ناوخۆی هەرێم، بندیوار لە سێ پارچەکەی تری کوردستان مووچە لە هەرێم وەردەگرن و بونەتە بارگرانی بەسەر ژیانی مووچە خۆرانی راستەقینەی هەرێمەوە.

وتیشی ” تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ چاکسازیەکی لە بواری ئابووری هەرێم ئەنجام نەداوە، بگرە ژێرخانی ئابووری هەرێم بەرەو لەناوچوونە، ئەمە جگە لەوەی کە رۆژ لە دوای رۆژ باخەڵی هاووڵاتییان خاڵی تر دەبێت، تا ئێستا نە داهاتی نەوت نە داهاتی خاڵە سنووریەکان دیار نییە، کە ئەم دوو داهاتە بڕبڕەی پشتی ئابووری هەرێمن”.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد : ئەگەر بێت گەندەڵی نەکرێت بە داهاتی ناوخۆی هەرێم و داهاتی نەوت و ئەو بودجەیەی کە بەغدا دەینرێت هەموو مانگیک دەتوانرێت لە کاتی خۆیدا بە بێ لێبڕین مووچە بدات بەڵام بەو مەرجەی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بندیوار و دوو مووچە و سێ مووچە پاک بکرێتەوە.

ئەوبەکر هەڵەدنی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: “حکومەتی هەرێم هیچ نیازێکی راستەقینەی نییە چاکسازی بکات و چاکسازی لە بواری ئابووری هەرێم ناکرێت چونکە لە ئێستا هیچ نێتێک نییە ژێرخانی ئابووری هەرێم بەهێزبکرێت و دۆخی مووچە خۆران باشتر بکرێت”.

” ئابووری هەرێم بەرەو داڕمان دەڕوات “

دکتۆر نیهاد خالید ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ بە SNN ی راگەیاند: سەرۆکی حکومەت باسی لەوەکرد کە ستراتیژیەتی چاکسازی کابینەکەی بە تەنها خۆی نابینێتەوە لە مووچەی فەرمانبەران، بەڵکو چاکسازی گەورە لە هەموو سێکتەرەکانی ئابووری دەکەن و بە وتەی خۆیان هەنگاوی گەورەیان لە چاکسازی ئابووریدا ناوە، بەڵام ئەم وتانە لەگەڵ واقیعیەتی دۆخی ئابووری هەرێم یەک ناگرێتەوە چونکە مووچە بڕبڕەی پشتی ئابووری دانیشتوانی هەرێمی کوردستانە، ئەگەر نەتوانی مووچە بە تەواوی و لە کاتی خۆیدا بدات ئەی دەبێت چاکسازی ئابووری چی بێت.

وتیشی ” چاکسازی راستەقینە لە مووچەوە دەستپێدەکات، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم زیاتر لە 200 هەزار مووچە خۆری بندیواری هەیە کە بوونەتە بار بەسەر داهاتی هەرێمەوە دەبێت حکومەت مووچەی مووچە خۆرانی بندیوار و دوو مووچە و سێ مووچە ببڕێت، لە کاتێکدا بە ناوی چاکسازی مووچەو و لادانی بندیوار چەندین پڕۆسەیان ئەنجامداوە بەڵام هیچ مووچە خۆرێک لە ژمارەی مووچە خۆرانی هەرێم کەمی نەکردۆتەوە”.

ئەو ئابووریناسە باس لەوەش دەکات ” ژێرخانی ئابووری هەرێم بەرەو لەناوچوون دەچێت ، چونکە کەرتی رێگاوبان و تەندروستی لە هەرێم لەوپەڕی خراپیدایە، جگەلەوەی کەرتی ئاو و کارەبا دراوەتە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان بە ئارەزووی خۆیان نرخ دادەنێن، ئەمە جگە لەوەی پڕۆژە ستراتیژیەکان هەموویان وەستێنراون و خێزخوازان دەستیانکردووە بە دروستکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی خێرخوازی لە جیاتی حکومەت “.

نیهاد خالید ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات :”سەرۆکی حکومەت باس لەوە دەکات کە داهاتی ناوخۆ کەمیکردووە ئەم وتەیە لە کاتێکدایە کە نرخی نەوت بەرزبۆتەوە باجی گومرگ و باجی سەر کۆمپانیاکان و کارگەکان زیادی کردووە، هاووڵاتییان دەستیانکردووە بە گێڕانەوەی پێشینەکان، بۆیە دەبێت داهات زیاد بکات نەک کەم بکات”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this