شارەزوورییەكان دەبنە خاوەنی گەورەترین پاسكیل

0
188

SNN-عەلی حەمە سەعید
بە ئامانجی پاكڕاگرتنی ژینگە و دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل و بە كەلتووركردنی پاسكیلسواری، بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی وەرزش و لاوانی قەزای شارەزوور گەورەترین پەیكەری پاسكیلیان لە ناوەندی قەزاكە داناوە، خاوەن پڕۆژەكەش لە  SNNەوە باس لە وردەكاری كارەكەی دەكات.

عومەر جەمیل، پەیكەرسازی پەیكەری پاسكیلەكەی شارەزوور بە SNN ی راگەیاند: بیرۆكەی ئەم كارە بۆ بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی شارەزوور دەگەڕێتەوە، داوایان لێكردم بە كارێكی لەو شێوەیە هەستم، منیش بە خۆشحاڵییەوە دەستم بە كارەكە كرد و توانیم لە ماوەی دوو هەفتەدا كارەكە بە كۆتا بگەیەنم، بەجۆرێك كێشی پاسكیلەكە 400 كیلۆگرامە و لە ئاسنی جۆری دژە ژەنگ دروستم كردووە، درێژی پەیكەری پاسكیلەكە چوار مەتر و 75 سانتیمەترە و بەرزیەكەشی سێ‌ مەتر و 30 سانتیمەترە.

ئاماژەی بەوەشكرد: “تێچووی ئەو پەیكەری پاسكیلە یەك هەزار دۆلارە و تێچووەكەشی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی وەرزش و لاوانی شارەزوورەوە دابینكراوە، زۆریش دڵخۆشم بەم كارە چونكە پاڵنەرێكە بۆ ئەوەی خەڵكانێكی زیاتر ڕوو لە بەكارهێنانی پاسكیل بكەن لە بری بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل لە ڕاپەڕاندنی ئیش و كارەكانی رۆژانەیاندا”.

ئەو پەیكەرسازە ئەوەشی خستەڕوو: خۆشبەختانە شەقامەكانی شارەزووریش تاڕادەیەكی باش بۆ بەكارهێنانی پاسكیل گونجاون لەگەڵ ئەوەشدا لەڕووی مادییەوە سودی بۆ بەكارهێنەرانی پاسكیل هەیە و لە بری ئەوەی ئۆتۆمبێل بەكاربهێنن، هەروەها سوودی تەندروستی بۆ جەستەی پاسکیلسوارەکەش دەبێت، جگە لەوەی دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل ژینگەی ناوچەکە پاکدەکاتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this