وردەکارى کشانەوە هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق لەسەر زارى وتەبێژى پێنتاگۆنەوە

0
133
کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق | فۆتۆ: AP

SNN
وتەبێژى وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا کشانەوەى بەشێک لە هێزەکانى وڵاتەکەى لە عێراق پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: بە هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى عێراق بەشێک لە هێزەکانمان لە عێراق دەکشێنینەوە.

دوێنێ هەینى رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکیەوە بڵاویکردەوە: “پرۆسەی کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دوو بۆ سێ هەفتەی پێویستە، بڕیارە ژمارەی سەرباز و راوێژکارەکان بگەیەندرێتە سێ هەزار و 500 کەس، بە کەمکردنەوەی ئەو ژمارەیە، ئەمریکا نزیکەی یەک لەسەر سێی سەربازەکانی لە عێراق کەمدەکاتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە “جەنگە ناکۆتاکان”.

لەو بارەیەوە بەرەبەیانى ئەمڕۆ شەممە جێسیکا ماک نۆڵتى، وتەبێژى وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا هەواڵەکەى پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: “لەدواى ئەو بەرەوپێشچوونە باشەى کە بەدەستمانهێنا لە شەڕى دژى داعش لە عێراق بڕیارمانداوە بەشێک لە هێزەکانمان لە عێراق بکشێنینەوە، ئەم کارەش بە هاوکارى لەگەڵ حکومەتى عێراق دەکەین”.

قسەکانى وتەبێژى وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ئێستا ژمارەی سەرباز و راوێژکارەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە ئەرکیان پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقە، نزیکەی پێنج هەزار و 200 سەربازە.

پێشتر مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانێکیدا بۆ واشنتن، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و یەکێک لەو تەوەرانەی کە گفتوگۆیان لەبارەوە کرد پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بوو.

سەرۆکی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لەو کۆبوونەوەیەدا بە رۆژنامەنووسانیان وت: “هێزە ئەمریکییەکان لە نزیکترین کاتی گونجاودا لە عێراق دەکشێنەوە”.

کازمیش رایگەیاندبوو: عێراق هێشتا پێویستی بە هاوکاری ئەمریکایە لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعشدا، بەڵام سوپای عێراق پێویستی بە پشتیوانی زەمینی راستەوخۆ نییە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this