پاسەوانى سنوور دەستیکردووە بە ناونووسکردنى گوندنشینانى هەرێم، ئایا گوندەکان رادەگوێزرێن؟

0
968
گوندى دەرگەڵە لە هەرێمى کوردستان | فۆتۆ: Mehmet Dargala

 

SNN – عەلی حەمە سەعید

ماوەى چەند رۆژێکە پاسەوانى سنوورى هەرێمى کوردستان دەستیکردووە بە ناونووسکردنى گوندنشینان و موڵك و ماڵیان لە ناوچە سنوورییەکان، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێى دروستکردووە و دەنگۆى ئەوە بڵاوبووەتەوە کە “ئەگەرى راگواستنى گوندەکان بە چەند کیلۆمەترێک هەیە”، لەو بارەیەوە پاسەوانى سنوور روونکردنەوە دەدات.

ماوەى دوو رۆژە لە چەند ناوچەیەکى جیاوازەوە گوندنیشانى هەرێمى کوردستان پەیوەندى بە SNNەوە دەکەن بە مەبەستى بەدواداچوونکردن بۆ بابەتى “ناونووسکردنى خۆیان و ژمارەى ئاژەڵ و رەز و باخەکانیان”، بە وتەى خۆیان “ئەم بابەتە دڵەڕاوکێى دروستکردووە، چونکە ئەوان دەنگۆى ئەوەیان بیستووە کە ئەگەرى هەیە گوندەکانیان بە چەند کیلۆمەترێک رابگوێزرێن و حکومەتیش لە بەرامبەر ئەوەدا قەرەبوویان بکاتەوە”.

لەو بارەیەوە سمکۆ سالار، بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ سەربە پارێزگای هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: “چەند رۆژێکە لە لایەن پاسەوانی سەرسنووری عێراقەوە، داوامان لێکراوە بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو گوندانەی کە دەکەونە ناوچە سەر سنوورییەکان، بە مەبەستی زانینی ژمارەی ئاژەڵی گوندنشینان، ئەو موڵک و زەوییە کشتوکاڵیانەی کە ئەو گوندنشینانە هەیانە و پەیوەندی بە گواستنەوەی گوندەکانەوە نییە”.

وتیشى: “وەرگرتنی ئەم زانیارییانە لە گوندە سەر سنوورییەکان تەنیا لە سنووری ئێمە ئەنجام نادرێت، بەڵکو سەرجەم گوندە سەر سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پاسەوانی سنووریش لە سەرووی خۆیانەوە داوایان لێکراوە کە ئەو زانیارییانە کۆبکەنەوە، ئەم بابەتە پەیوەندی بە قەرەبووکردنەوەی گوندنشینان و دورخستنەوەیان نییە لە ناوچەکانی خۆیان”.

هەر لەوبارەیەوە عەمید فەخرەدین عەبدوڵا، فەرماندەی لیوای سێی پاسەوانی سنوور بە SNNی راگەیاند: “تۆمارکردنی ناوی گوندنشینانی ناوچە سنوورییەکان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە گواستنەوەیان و دواتر قەرەبووکردنەوەیانەوە نییە، ئەوەی باسی لێوە دەکرێت زۆر دوورە لە راستییەوە، بەڵکو راستی بابەتەکە ئەوەیە کە ماوەیەکە هەندێک کەس بەناوی دانیشتووی گوندە سنوورییەکان بە شێوەی قاچاغ لە دیوی ئێرانەوە ئاژەڵ دەهێننە دیوی هەرێمی کوردستان کە ئەمە کارێکی نایاساییە و رێگە پێدراو نییە”.

ئەوەشى خستەڕوو: “تۆمارکردنی ناوی گوندە سەر سنوورییەکان بۆ ئەوەیە کە بزانین چەند سەر ئاژەڵ لەو گوندە سەر سنووریانە هەیە، بۆئەوەی کەسانێکی دیکە نەتوانن بەناوی ئەوانەوە ئاژەڵ هاوردەبکەن بەبێ‌ پشکنینی ڤێرتەرنێری و تەندروستی رەوانەی شارەکان بکرێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this