“لە هەرێمی کوردستان لە جیاتی شوفێر، مۆڵەت بە دەست دروستدەکرێت”

0
444

SNN- محەمەد مستەفا

ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە، نوێترین رووداوی هاتووچۆ دوێنێ هەینی بوو لەسەر رێگای رانیە ـ سلێمانی، چوار ئەندامی خێزانێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان سووتان و گیانیانلەدەستدا، بەگوێرەی ئاماری رێکخراوێکی ناحکومیش لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو 7500 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیانلەدەستداوە .

” زیاتر لە 95 هەزار هاوڵاتی هەرێم بوونەتە قوربانی رووداوەکانی هاتووچۆ “

کارزان محەمەد سەرۆکی رێکخراوی چرای چەوساوەکانی نیشتمان کە رێکخراوێکی نا حکومییە بە SNN ی راگەیاند: بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە ئەوان لە سەرجەم بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی هاتووچۆی هەرێم دەستیان کەوتووە لە ساڵی 2009 تا مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2019 لە هەرێمی کوردستان 42605 رووداوی هاتووچۆ روویداوە بەو هۆیەشەوە 7500 هاوڵاتی گیانیانلەدەستداوە و 87805 کەسیش برینداربوون زۆرترین رێژەی قوربانیانی رووداوەکانی هاتووچۆش پیاوانن .

” هەم هاوڵاتیان و هەمیش حکومەت بەرپرسیارن لە زیاد بوونی رووداوەکانی هاتووچۆ “

هەڵکەوت عەبدوڵا شارەزای بواری هاتووچۆ بە SNN ی راگەیاند: سێ هۆکاری سەرەکی بوونەتەهۆی زیاد بوونی رووداوەکانی هاتووچۆ، هۆکارێکیان ئەوەیە بەهۆی جیاوازی سیستەمی پێدانی مۆڵەتی شوفێری کە لە هەر شارێکی هەرێم بە جۆرێکی جیاوازە وایکردووە سێ جۆر شوفێری ژینگە جیاواز دروستببن ئەو سیستەمی مۆڵەت پێدانەی ئێستا لەهەرێم پەیڕەو دەکرێت لە جیاتی شوفێر تەنیا مۆڵەت بە دەست دروستدەکات .

ئەو شارەزایەی هاتووچۆ دەشڵێت: “جگە لەوەی بەشێکی زۆری شوفێرانی هەرێم پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ نابن هاوکات کوالێتی رێگاوبانەکانیش زۆر خراپە، ئەو رێگایانەشی کە تازە دروستدەکرێن لە دوای ماوەیەکی کەم بەهۆی گەندەڵی لە شێوازی دروستکردنیان تێکدەچن و دەبنە هۆکاری رووداوی هاتووچۆ، ئەمە جگە لەوەی لە بەشی هەرە زۆری رێگا سەرەکییەکان هیچ هێمایەکی هاتووچۆ بوونی نییە، کە ئەمە ئەرکی حکومەتە کە ئەویش نەیتوانیوە لە ئاست بەرپرسیارێتی کەرتی رێگاوبان و هاتووچۆ بێت”.

هەڵکەوت عەبدوڵا باس لەوەشدەکات: یەکێک لە هۆکارەکانی تر جۆری ئۆتۆمبێلەکانە بەتایبەت جۆرێک لە ئۆتۆمبێلە ئەمریکییەکان کە پێوانەی خێراییان لە جیاتی کیلۆمەتر بە میل پێوانە دەکرێت، واتا گەر بە خێرایی 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک بڕوات لە پێوانی ئۆتۆمبێلە ئەمریکییەکاندا وا پێوانەی دەکات کە بە خێرایی 30 کیلۆمەتر دەڕوات، چونکە بە میل پێوانەی دەکات، ئەمەش وا لەشوفێر دەکات خێرایی زیاتر بەرز بکاتەوە و زۆر کات رووداوی هاتووچۆی لێ دەکەوێتەوە .

ئەو شارەزایەی هاتووچۆ ‌ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەشێکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆن هەیە کە جگە لە کۆنیی ئۆتۆمبێلەکە هاوکات تابلۆی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیان بەستووە کە زۆرینەیان بە ئارەزووی خۆیان سەرپێچی هاتووچۆ دەکەن، چونکە نە کامێرای خێرایی ژمارەکانیان تۆمار دەکات و نە لایەن پۆلیسی هاتووچۆوە غەرامە دەکرێن .

ئەو شارەزایەی بواری هاتووچۆ پێشیوایە کە دەبێت حکومەتی هەرێم سیستەمی پێدانی مۆڵەت لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم یەک بخات و سزاکانی هاتووچۆ لە هەرێم توند تر بکات، چونکە ئەو سزایانەی کە ئێستا لە هەرێم بۆ سەرپێچیەکانی هاتووچۆ دیاریکراون نەبوونەتە هۆی کەمکردنەوەی سەرپێچیەکانی هاتووچۆ، دەبێت حکومەت رێگاوبانەکان بە کوالێتی زۆر بەرز دروست بکات نەک دوای ساڵێک لە دروستبوونیان دووبارە وێران ببنەوە .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this