یەکێتى و پارتى تاوتوێى هەڵبژاردنى پێشوەختە و هەڵوێستى فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا دەکەن

0
499
لۆگۆى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN ـ  مەودا مستەفا
ئەمڕۆ یەکشەممە هەردوو دەزگاى هەڵبژاردنى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبوونەوە و لەبارەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لە عێراق.

بەپێى زانیارییەکانى SNN کە لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەوە وەریگرتوون لە بەشدارانى کۆبوونەوەکە، “دەزگاى هەڵبژاردنى یەکێتى و پارتى گفتوگۆیان کردووە، لەبارەى پرۆژە یاساى هەڵبژاردن و پرۆسەى هەڵبژاردنى پێشوەختە لە عێراق، هەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر ئەنجامدانى هەماهەنگى زیاتر”.

هەر بەپێى زانیارییەکان، “لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە دەزگاى هەڵبژاردنى هەردوو حزب دەستبە زنجیرەیەک کۆبوونەوە بکەن لەبارەى دیاریکردن و رێککەوتن لەسەر هەماهەنگییەکانیان لەبارەى پرۆژەیاساى هەڵبژاردن و چۆنیەتى کارکردن لەگەڵ کۆمسیۆن لە عێراق، هاوکات بڕیاردراوە هەردوو فراکسیۆنى زەرد و سەوز لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و لیژنەى یاساى پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجام بدەن”.

یەکێکى تر لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە بریتیبووە لە باسکردن لە دەنگدەرى کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، SNN ئەوەى زانیووە، “لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە فراکسیۆنى یەکێتى و پارتى کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجام بدەن بە مەبەستى پاراستنى هاوهەڵوێستى کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان”.

دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوو، مستەفا کازمی بەڵێنی ئەوەیدا کە کار دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاریی خۆپیشاندانی ناڕەزایی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق سەریانهەڵدا و بەهۆیەوە حکومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.

کۆتایی مانگی تەمووزی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکرد و بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوتلەی نەسر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای گۆڕینی ئەو وادەیەیان کرد.

لە ئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە پرۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنە کە لە ساڵی رابردووەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە و بەهۆی ناکۆکی نێوان کوتلە سیاسییەکان لەسەر ناوەڕۆکی پڕۆژەکە، تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this