“حکومەتى هەرێم مووچەى مانگى داهاتوو بە لێبڕینەوە دابەش دەکات”

0
7042
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد: تا ئێستا حکومەتی هەرێم بڕیارینەداوە مووچەی مانگەکانی نیسان، ئایار، حوزەیران و تەمموزى ئەم ساڵ پاشکەوت بکات، بەرپرسێکی وەزارەتی داراییش ئاماژە بە لێبڕینی مووچەی ئەم مانگە دەکات.

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، بە SNNی راگەیاند: “ئەوەی باسی لێوە دەکرێت لە هەندێک لە دەزگا راگەیاندنەکانەوە لەبارەی پاشەکەوتکردنی مووچەی مانگەکانی نیسان، ئایار، حوزەیران و تەمموزى ئەمساڵ، تەنیا قسەیە و بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە فەرمی هیچ روونکردنەوەکیان بە ئێمە نەداوە، هاوکات بۆ خۆشیان هیچ شتێکی فەرمییان لەبەردەستدا نییە بۆ ئەنجامدانی وەها کارێک”.

وتیشى: “ئێمە کار لەسەر بەڵگەی فەرمی دەکەین، هەرکات حکومەت بە فەرمی رایگەیاند کە ئەم مووچەیەی دابەشیدەکەن مووچەی مانگی ئابە ئەوا ئێمەش هەڵوێستی خۆمان دەبێت و بۆچوونی خۆمان دەخەینەڕوو، بۆیە لە هەموو حاڵەتەکاندا رێککەوتنی نێوان عێراق و هەرێم پرسی مووچە یەکلادەکاتەوە کە ئاخۆ بە چ شێوازێک مووچە دابەشدەکرێت و هی چ مانگێکە”.

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو: ” هەروەک چۆن حکومەت بۆ لێبڕینی %21 ی مووچەی فەرمانبەران پشتی بە هیچ یاسایەک نەبەست و بە نایاسایی ئەو کارەی کرد، ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە دووبارە بکاتەوە بە پاشکەوتکردنی مووچەی ئەو چەند مانگە بێگومان جارێکی دیکە خۆی بەرپرس دەبێت، چونکە هیچ راوێژێک بە ئێمە نەکراوە لەو بارەیەوە”.

هەر لەوبارەیەوە بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم بە SNNی راگەیاند :”تا ئێستا بانکەکان و یەکە ژمێریارییەکانی دامودەزگا حکومییەکان ئاگادارنەکراونەتەوە لە ئامادەکردنی لیستی مووچە، بۆیە تا ئێستا روون نییە ئەو مووچەیەی ئەم جارە دابەشدەکرێت مووچەی مانگی نیسانە یان مانگی ئابە، بەڵام لەوە دڵنیاین کە ئەم مووچەیە بە لێبڕینەوە دابەشدەکرێت”.

وتیشى: “پێدەچێت نزیکەی 50 رۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە تێپەڕێت، پاشان دەستبە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this