“ئامادەکارییەکانى کۆبوونەوەى داهاتووى یەکێتى و پارتى دەستیانپێکردووە”

0
357
لۆگۆى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN – مەودا مستەفا و عەلى حەمەسەعید

ئامادەکارییەکانى کۆبوونەوەى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان کە بڕیارە لەسەر ئاستى مەکتەبى سیاسى هەردوولا بەڕێوەبچێت دەستیان پێکردووە، بەرپرسێکى پارتى دەڵێت: “ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەى کە هەڵبژاردنى ئەمریکا و هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق دەیهێنێتە ئاراوە تەبایى نەوەک تەنیا یەکێتى و پارتى، بەڵکو هەموو هێزەکانى پێویستە”.

بەپێى زانیارییەکانى SNN کە لە بەرپرسانى یەکێتیی نیشتمانيى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان دەستیکەوتوون، “ئامادەکارییەکانى کۆبوونەوەى هەردوو مەکتەبى سیاسى یەکێتى و پارتى دەستیپێکردووە، کە چاوەڕواندەکرێت لە شارى هەولێر ئەنجام بدرێت”.

هەر بەپێى زانیارییەکان، “کۆبوونەوەى یەکێتى و پارتى لەسەر تەوەرەکانى: رێککەوتنامەی ستراتیجی نێوان ئەو دوو حزبە، چۆنیەتی ئیدارەدانی حکومەتی هەرێم، چارەسەرکردنى قەیرانى دارایی، رێککەوتنی هەرێمی و بەغدا و پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان بەڕێوەدەچێت”.

فارس نەوڕۆڵی، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی – هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەى پەیوەندییەکانى حزبەکەى و یەکێتى بە SNNی راگەیاند: “یەکێتی و پارتی ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندوو کە کەسێک یاخود حزبێک بێتە نێوانیانەوە و داوایان لێبکات بۆ کۆبوونەوە پاش ئەو دەستپێشخەرییەى کە کرا، ناشبێت ئەو راستییە لەبیر بکەین کە یەکێتی و پارتی دوژمنی یەکتر نین بەڵکو رکابەری یەکترن، دەستەڵاتی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان لەدەستی ئەم دوو هێزەدایە”.

وتیشى: ” دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە بەگشتى، نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پێشوەختە لە عێراق و ئەو گۆڕانکارییانەى کە ئەم دوو هەڵبژاردنە دەیانهێننە ئاراوە، وادەخوازن نەوەک تەنیا نیوانی ئێمە و یەکێتی ، بەڵکو نێوان سەرجەم هێزەکانى تریش پێویستە تەبا بێت”.

دوای هه‌شت مانگ لە دووریی سیاسیی، رۆژی 26ی ته‌مموز، هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، جێگرى سەرۆکى پارتى لە شاری هەولێر کۆبوونەوە و بڕیاردرا لە دوای جەژنی قوربان هەردوو مەکتەبی سیاسیی کۆببنەوە و کێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن، دواتر وەفدى پارتى دیموکراتى کوردستان سەردانى هاوینەهەوارى دوکانیان کرد و لەگەڵ وەفدى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى بافڵ تاڵەبانى کۆبوونەوە، بڕیاریاندا کۆبوونەوەى هەردوولا لەسەر ئاستى مەکتەبى سیاسى بەڕێوەبچێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this