گەرمیان.. بڕیارێکى نوێ بۆ کارکردنى کانەکانى چەو و لم دەردەکرێت

0
134

SNN- سیروان حەسەن 

دواى راگەیاندنى دوو هەڵمەت بۆ لابردنى کانەکانى چەو و لم لەسەر ڕووبارى سیروان لە کۆتاییدا بە چەند بڕیارێکى نوێ جارێکى تر رێگە درایەوە بە کارکردنیان لەوانەش کارکردنى ئەوانەى تەنها مۆڵەتیان هەیە و هەر کارگەیەکیش زیان بە ڕووبارەکە و سروشتەکەى بگەیەتێت، ئیتر مۆڵەتى کارکردنى پێنادرێت.

یادگار فەتاح بەڕێوەبەرى نەوت و کانزاکانى گەرمیان بەSNNى راگەیاند؛ لەگەڵ نوێنەری خاوەن کانەکانی چەو و لم لەسنووری ئیدارەی گەرمیان کۆبوونەتەوە و گوێبیستى داواکارى خاوەن کارگەگان بوون، کە بەشێکى زۆرى تایبەت بوو بە توندیى لێپێچینەوەى بەڕێوەبەرایەتییەکان لەو کارگانە.

وتیشى: “رێنماییەکانیان بۆ هەموو لایەکیان روونکردووەتەوە و لە پێناو بەرژەوەندى گشتیش بڕیاردراوە:

بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئابووری هەرێم و گران نەبوونی نرخی چەو و لم و لەدەستنەدانی هەلی کاری ئەو هاووڵاتییانەی کاری تێدا دەکەن، لەمڕۆوە ئەو خاوەن کانانەی مۆڵەتیان هەیە لە شوێنی خۆیان دەست بکەنەوە بە فرۆشتنی چەو و لم.

بڕیارد دراوە هەر خاوەن کانێک ببێتەهۆی سووتانی دارستان یاخود بڕینەوەی دار، ئەگەر مۆڵەتی کارکردنیشی هەبێت لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئیدارەی گەرمیانەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی دەکرێت و بەهیچ شێوەیەک جارێکی تر مۆڵەتی پێنەدرێتەوە.

خاوەن کانەکان لەکاتی بینینی دیاردەی سووتاندن یاخود بڕینەوەی دار لەسنووری کانەکانیاندا لە لایەن کەسانی ترەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پلانی پێنج ساڵەی ڕێکخستنەوەی کانەکان کە لەساڵی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و قۆناغی یەکەمی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بریتییە لە دانانی کەسارە لە لایەن ئەو خاوەن کانانەی دەکەونە سنووری شاری کەلارەوە و گواستنەوەی بەشێکی تریان بۆ چەمە وەرزییەکان کە هەنگاوی باشی بڕیوە.

نابێت هیچ خاوەن کانێک ڕێگاکانی چوونە سەر ڕووباری سیروان ببڕن کە لە لایەن هاوڵاتیانەوە بەکاردەهێنرێن بە هیچ بیانویەک و بەپێچەوانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

خاوەن کانەکان لەگەڵ کارکردن و بەشێوازی ڕۆژانە لە پاشماوەی سەرەبەرد ئەو چاڵانە پڕ بکەنەوە کە تێکەڵەی لێهەڵدەگرن.

خاوەنی کانەکان ئامادەییان دەربڕی کە لەسەر ئەستۆی خۆیان لەسەر ڕووباری سیروان ڕووبەری سەوزایی زیاد بکەن بەناشتنی نەمام بەشێوەی ساڵانە لەژێر ڕێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان و پارێزگاری لە سەوزایی سەر ڕووبارەکە بکەن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this