زیاتر لە 12 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەكانیان دەكرێتە دەرماڵە

0
821

SNN-عەلی حەمە سەعید
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئاشكرایكرد لە ئێستادا دەستمانكردووە بە جیاكردنەوەی ناوی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی  دوو مووچەن بۆ ئەوەی مووچەكانیان ببڕدرێت و بكرێتە دەرماڵە.

كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم تایبەت بە SNNی ڕاگەیاند: بابەتی بڕینی مووچەی ئەو كەسانەی كە خاون دوو مووچەن لە یاسای چاكسازی جەختی لەسەر كراوەتەوە، بۆیە زۆرترین چاو لەسەر وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتییە كە زۆربەی ئەو كەسانەی لای ئێمە مووچە وەردەگرن وەك خاوەن پێداویستی تایبەت یان لەوەزارەتێكی دیكە مووچەخۆرن یاخود خانەنشینن.

وتیشی: “ئێمە لە ئێستادا دەستمانكردووە بەقۆناغی یەكەمی بڕینی مووچەی ئەو خاوەن پێداویستییانەی كە خاوەن دوو مووچەن و لای ئێمە مانگانە 100 هەزار دینار وەردەگرن.”

ئاماژەی بەوەشكرد، بڕینی مووچەی ئەوخاوەن پێداویستییە تایبەتانە بەجۆرێك نییە كە بە یەكجاری ببڕدرێت، بەڵكو بۆیان دەكەین بە دەرماڵە و دەخرێتە سەر مووچەكەی دیكەیان لە هەر وەزارەتێك بن یاخود خانەنشین بن، هەروەها بڕینی مووچە ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە تەنها یەك مووچەی خاوەن پێداویستییان هەیە كە بڕی 150 هەزار دینارە، بۆیە مووچەی تەنها ئەوانە دەبڕین كە بڕی 100 هەزار دینار وەردەگرن.

وەزیری كار وكاروباری كۆمەڵایەتی ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی ئەو سەرژمێرییەی كردوومانە نزیكەی 12 هەزار و 500 خاوەن پێداویستی لای ئێمە ناویان تۆماركراوە كە مانگانە بڕی 100 هەزار دینار وەردەگرن و خاوەن دوو مووچەن، بۆیە بڕینی ئەو 100 هەزارە و كردنی بە دەرماڵە بۆیان، كار ئاسانی زیاتر بۆ ئێمە و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان و بانکەكانیش دەكات، بەوەی كە لە مانگێكدا تەنها یەكجار دەچنە بانک بۆوەرگرتنی مووچە لە بری ئەوەی دووجار بچن وەك ئەوەی ئێستا پەیڕەو دەكرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this