“حکومەت فێڵى لەو خێرخوازانە کرد کە پارەیان بەخشى بۆ دروستکردنى نەخۆشخانەى کۆرۆنا لە هەولێر”

0
428
پرۆژەى نەخۆشخانەى تایبەت بە کۆرۆنا لە هەولێر | فۆتۆ: SNN

SNN – مەودا مستەفا
تەواونەبوونى نەخۆشخانەى کۆرۆنا لە شارى هەولێر لەدواى پێنج مانگ ، لەکاتێکدا تەنیا ماوەى 45 رۆژى بۆ دیاریکرابوو مشتومڕى زۆرى دروستکردووە، ئەندامێکى لیژنەى تەندروستى پەرلەمانى کوردستانیش دەڵێت: “”حکومەتى هەرێم فێڵى لەو خێرخوازانە کردووە کە پارەیان بەخشى بۆ دروستکردنى نەخۆشخانەى کۆرۆنا”.

نەخۆشخانەى تایبەت بە کۆرۆنا لە شارى هەولێر لە 16ى ئازارى ئەمساڵ لە لایەن فرسەت سۆفى، پارێزگارى هەولێر و دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى تەندروستى هەولێرەوە بەردى بناغەى دانرا، نەخۆشخانەکە لە 72 قەرەوێڵە پێکهاتووە و تێچووەکەى کە لەلایەن خێرخوازانەوە دابینکراوە کە ملیارێک و 200 ملیۆن دینارە، هاوکات بڕى ملیارێک و 300 ملیۆن دیناریش بۆ ئامێر و پێداویستییەکانى دابینکراوە، ئەم پرۆژەیە بە وتەى پارێزگار و بەڕێوەبەرى تەندروستیی هەولێر “بڕیاربوو لە ماوەى 45 رۆژدا تەواوبکرێت”، بەڵام پاش تێپەڕینى پێنج مانگ و 16 رۆژ هێشتا نەخۆشخانەکە تەواونەکراوە.

لەو بارەیەوە غازی عەلی، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی لە پەرلەمانی کوردستان بە SNNی راگەیاند: ” لەراستیدا هیچ وادەیەک بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەی کۆرۆنا لە هەولێر دیارینەکراوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکومەت فێڵی لەو خێرخوازانە کردووە كە پارەیان بەخشیووە بۆ دروستکردنى نەخۆشخانەکە، چونکە ئەوکاتە خێرخوازان پارەیان بۆ نەخۆشخانەکە دابینکرد بۆ ئەوەى گیانی تووشبووانی کۆرۆنا نەکەوێتە مەترسیەوە لەکاتى خۆیدا تەواوبێت، بەڵام حکومەت نەخۆشخانەکەى کردە پرۆژەیەکى درێژخایەن”.

وتیشی: “حکومەت باکی بە گیانى نەخۆشانى کۆرۆنا نییە، چونکە ئەگەر لە خەمی نەخۆشەکاندابووایە پلانی دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیەى نەدەگۆڕی و لە وادەی خۆیدا تەواوی دەکرد”.

ئەو ئەندامەى لیژنەى تەندروستیى لە پەرلەمانى کوردستان رەخنە لە کەرتى تەندروستى  هەرێم دەگرێت و ئاماژە بەوەشدەکات :”حکومەت لە بواری تەندروستیدا شکستیهێناوە و توانای بەڕێوەبردنی کەرتی تەندروستی نەماوە، هەربۆیەشە هەوڵدەدات کەرتی تەندروستی لە گشتیەوە بکاتە تایبەت”.

پێشتر SNN لە بەدواداچوونێکى تایبەتدا نیگەرانى هاووڵاتیانى شارى هەولێرى بڵاوکردەوە لە تەواونەکردنى نەخۆشخانەى کۆرۆنا لەکاتى خۆیدا، چونکە ئەوان پێیانوابوو، “تەواونەکردنى ئەو نەخۆشخانەیە بووەتە هۆکارى تەرخانکردنى نەخۆشخانە گشتییەکان بۆ کۆرۆنا، بەمەش ئەو هاووڵاتییانەى کە تووشى نەخۆشى تر دەبن یان کێشەى تەندروستى تریان هەیە جگە لە کۆرۆنا ناچارن روو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان و کلینیکە تایبەتەکان بکەن”.

پێشتر لە بارەى کەیسى ئەو نەخۆشخانەیەوە دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر بە SNNی راگەیاند: ” لە ئێستادا پەیکەرى بیناى نەخۆشخانەکە وەک قۆناغێکى سەرەتایی تەواوبووە، بەڵام کاتى تری پێویستە بۆ ئەوەی تەواو بکرێت”.

بەڕێوەبەرى گشتى هەولێر ئاماژە بە تەواونەبوونى نەخۆشخانەکە لەکاتى خۆیدا کرد و روونیکردەوە: “راستە لە وادەی خۆیدا تەواونەکراوە، بەڵام بڕیارمانداوە نەخۆشخانەکە بە تەنیا بۆ کۆرۆنا نەبێت، بەڵکو بۆ نەخۆشییە گوزاروەکانیش بێت لەو سنوورە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this