“بەشە بودجەی هەرێم لە پرۆژەیاساى بودجەی گشتی عێراقدا بە 12٪ دیاریکراوە”

0
1822
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بودجەی گشتی عێراقدا نرخی بەرمیلێک نەوتی بە 43 دۆلار خەمڵاندووە و بەشە بودجەی هەرێمیش لە بودجەی گشتی عێراق بە زیاتر لە 12٪ دیاریکراوە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست SNN کەوتوون لە وەزارەتى دارایی و ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، ” لە ئێستادا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاساى بودجەی گشتی عێراقە بۆ ساڵی داهاتوو، بە جۆرێک لە 80٪ بودجەی گشتی عێراق لەسەر فرۆشتنی نەوت دیاریکراوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا پسپۆڕانی بواری ئابووری عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیران نرخی بەرمیلێک نەوتیان بۆ بودجەی گشتی عێراق بە 43 دۆلار خەمڵاندووە، هەرچەندە سەرۆکوەزیران داوایکردووە کە نرخی بەرمیلێک بە 45 دۆلار بخەمڵێنن، بەڵام وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق 43 دۆلاریان بە گونجاو زانیووە”.

هەر بەپێى زانیارییەکان، “لە بودجەی گشتی عێراقدا پشکی هەرێم بە زیاتر لە 12٪ی کۆی گشتی بودجەی عێراق دیاریکراوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا شاندێکی تەکنینی هەرێم لە بەغدان، بۆ ئەوەی باس لە وردەکاری چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو بودجەیە بکەن کە لە کۆی بودجەی گشتی عێراق دیاریدەکرێت، هاوکات ئەگەر لەم چەند هەفتەیەدا حکومەتی هەرێم و بەغدا رێککەوتن واژووبکەن، پێدەچێت عێراق بۆ ماوەی سێ‌ ساڵی دیکە دڵنیایی بداتە هەرێم کە مافەکانی پارێزراو دەبێت لە بەرامبەر پابەندبوونی هەرێم بەو رێککەوتنەی کە لە نێوانیاندا واژوو دەکرێت”.

لەوبارەیەوە ئەحمەدى حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرنی عێراق بە SNNی راگەیاند: “وەک ئەندامانی لیژنەی دارایی تا ئێستا لە لایەن حکومەتی عێراقییەوە ئاگادارنەکراوینەتەوە لە وردەکاری چۆنیەتی ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی، لەڕووی یاسایشەوە دەبێت لەسەرەتادا ئەنجوومەنی وەزیران ئەو پرۆژەیە ئامادەبکات، پاشان رەوانەی پەرلەمانی بکات بۆ دەنگدان لەسەرى، بۆیە لە ئێستادا ئێمە بەرچاوڕوون نین لەسەر وردەکارى بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2021”.

وتیشى: “ئێمە ناتوانین بڵێين گەشبینین بەو بودجەیەی کە بۆ هەرێم دابیندەکرێت لە بودجەی گشتی عێراق، چونکە ئەگەر وەک ساڵانی رابردوو پابەندنەبوون بە بڕگەکانی بودجەوە بێتە ئاراوە جا چ لەلایەن هەرێمەوە بێت یاخود بەغدا جارێکی دیکە کێشەی دارایی روو لە هەرێم دەکاتەوە و ئەوەی ئێستا هەیە زیاتر درێژەی پێ دەدرێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this