بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی چوار دەروازەی سنووری ئێران داوایەک ئاڕاستەی عێراق دەکات

0
261

SNN-عەلی حەمە سەعید
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاشکرایکرد کە لایەنی ئێرانی رەزامەندی کۆتاییان دەربڕیوە بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی هەریەکە لە مەرزەکانی ( پشتە- تەوێڵە- کێلێ- سەیران بەند) بۆ ئەوەی هاوشێوەی مەرزی باشماخ بکرێنە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوایەکی ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە.

کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: بابەتی بە نێودەوڵەتیکردنی مەرزەکانی شۆشمێ‌ و پشتە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن ئێرانەوە ماوەیەکی زۆرە رەزامەندی لەسەر دراوە، هاوکات ئێران رەزامەندیشی لەسەر بە نێودەوڵەتیکردنی مەرزەکانی ( سەیران بەند و کێلێ‌)ش داوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار لەگەڵ ئێمە ئەو بابەتە تاوتوێ‌ کراوە بەڵام ئێمە بە لایەنی ئێرانیمان راگەیاندووە: “ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و تەنانەت حکومەتی هەرێم ناتوانێت بڕیاری بە نێودەوڵەتیکردنی دەروازە سنوورییەکان بدات”.

ئاماژەی بەوەشکرد: بەهۆی ئەوەی بابەتی مەرزە نێودەوڵەتییەکان بابەتێکی سیادیە و لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە، بۆیە داوامانلێکردوون کە ئەو بابەتە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بکەن، بۆیە لایەنی ئێرانیش ئەو بابەتەیان ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە و لە چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو چوار مەرزانە کە لەئێستادا فەرمی نین.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، بە نێودەوڵەتیکردنی مەرزەکانی پشتە و شۆشمێ‌ لە پارێزگای هەڵەبجە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی دەبێت بۆ زیاتر بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری سنوورەکە، بەجۆرێک هەلیکاری زیاتر بۆ هاووڵاتییانی سنورەکە دابیندەکات و هاوکات داهاتی حکومەتی هەرێمیش زیاد دەکات.
دواخستنی پرسی بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو چوار دەروازە سنووریەی هەرێم لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا هەرێم و بە‌‌غدا گفتوگۆی چڕیان لەبارەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان ئەنجامدا و تا ئێستاش ئەو گفتوگۆیانە بە ئەنجام نەگەیشتووە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this