حكومەت بەبێ‌ پرسی مووچەخۆران لە%21 دەبڕێت، بەڵام بە مەرجێكی قورس لە %15ی قەرز خۆشدەبێت

0
1348

SNN-عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی چەند مانگێكە دابەشكردنی مووچە نزیكدەبێتەوە لە 60 ڕۆژ و هاوكات بە بێ‌ پرس و ڕەزامەندی مووچەخۆران لە %21 یشی دەبڕدرێت، بەڵام حكومەت لە بڕیارێكیدا بە مەرجێكی قورس تەنها لە%15ی قەرزی سەر هاوڵاتیان خۆشدەبێت، ئابووری ناسێكیش دەڵێت “ئەوەی ئەم حكومەتە دەیكات لوتكەی بێباكییە بەرامبەر هاووڵاتییان”.

عوسمان محەمەد، ئابووری ناس و شارەزای كاروباری دارایی بە SNNی ڕاگەیاند: لە هەموو وڵاتانی جیهان كاتێك حكومەت دەكەوێتە كێشەیەكی داراییەوە، پێشوەختە پلان و بەرنامەی تایبەت بەخۆی دەبێت، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت دۆخەكە دراوەتە دەست قەدەر، كەس نازانێت ئایندەی ئەم هەرێمە بە چ شێوازێك دەبیت، چونكە بەرپرسانی ئەم حكومەت هێندە بەلایانەوە گرنگ نییە دۆخێكی سەقامگیر و ئارام بۆ هاووڵاتییان بێتە ئاراوە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە مووچەخۆران سەرقاڵ بكەن بە بابەتێكەوە كە مافێكی سروشتی خۆیانە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوە ئەوپەڕی بێباكی ئەم حكومەتە دەسەلمێنێت كە بە بێ‌ هیچ پاڵپشتێكی یاسایی و بە بێ‌ ئەوەی هیچ پرسێك بە مووچەخۆران بكات و بەبێ‌ ڕەزامەندی پەرلەمان بە ڕێژەی لە%21 مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت سەرەڕای ئەوەش نزیكەی 60 ڕۆژ مووچە دابەشدەكات، بەڵام لەبەرامبەر ئەم بێباكییەدا حكومەت وەك مژدە ئەوە ڕادەگەیەنێت كە ڕەزامەندە بە لێخۆشبوونی تەنها لە%15 سەرقەرزی هاووڵاتییان بە مەرجێك ئەو هاوووڵاتییە بە شێوەی نەقد حازرە هەموو قەرزەكەی بداتەوە، كە ئەمە مەرجێكی زۆر قورسە، چونكە هاووڵاتییەك لەكوێ‌ دەتوانێت بەسەر یەكەوە 20 ملیۆن یان 15 ملیۆن یان تەنانەت پێنج ملیۆن دینار بەسەر یەكەوە بداتەوە لەم بێ مووچەییەدا.

ئەو ئابوریناسە ئەوەشی خستەڕوو، یەكێكی دیكە لەو بڕیارە نالۆژیكییانەی كە دوێنێ‌ حكومەت دەریكردووە درێژكردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانە لە هەفتەیەكدا بۆ پێنج ڕۆژ و لە كاتژمێر هەشت بۆ سێی سەر لە ئێوارە، لە كاتێكدا مووچەخۆران بە 60 ڕۆژ جارێك مووچە وەردەگرن، بۆ خۆی سەلمێنەری ئەوەیە كە هاووڵاتییان و فەرمانبەرانیش متمانەیان بە بڕیار و ڕاسپاردەكانی حكومەت نەماوە و هێندەی دیكەش ئەو بێ‌ متمانەییە لاواز دەبێت، چونكە بە دڵنیاییەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین كار بەو بڕیارە ناكرێت.

لای خۆیەوە زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی بۆ SNN ڕوونكردەوە، ئێمە وەك لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری پەرلەمان هیچ پرس و ڕاوێژێكمان پینەكراوە لە بابەتی لێبڕینی لە%21 ی مووچەی فەرمانبەران، بۆیە هەر خودی حكومەت بە بێ‌ هیچ پاڵپشتێكی یاسایی بەو كارە هەستاوە و هەر ئەوان خۆشیان بەرپرسن لە هەر كاردانەوەیەك لە داهاتوودا لەلایەن فەرمانبەرانەوە ڕووبدات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this