قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی 100 مەتری شاری سلێمانی چۆن بەڕێوەدەچێت؟

0
248

SNN-عەلی حەمە سەعید
ماوەی نزیكەی دوو مانگە لە لایەن كۆمپانیای قەیوانەوە دەستكراوە بە كاركردن لە شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی و لەماوەی 50 ڕۆژی كاركردنی كۆمپانیاكەدا تواندراوە 16 كیلۆمەتر كاری پاككردنەوەی شەقامەكە كۆتایی پێبێت، بەرپرسانی كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكەش ئاماژە بەوەدەكەن سەرەڕای ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بە سەدان هەلیكار دەڕەخسینێت لەهەمان كاتیشدا دەبێتە دەروازەیەكی دیكە بۆ كرانەوە و ئاوەدانی زیاتری سلێمانی.

فاخر تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی بە SNNی راگەیاند: “پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێم كە ماوەیەكی زۆربوو خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری لە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی وەها پرۆژەیەكدا بوون، ئێمەش وەك ئەركێكی نیشتمانی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی متمانەبوونمان بەو ستافەی كە لە كۆمپانیاكەماندا كاردەكەن بەڵێنی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەماندا و نزیكەی دوو مانگە بە بەردەوامی كاری تیادا دەكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد: كۆی گشتی پڕۆژەكە پێكدێت لە 400 ملیار دینار كە بەشێوەی قەرزی درێژخایەن پڕۆژەكە ئەنجام دەدەین و لە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكەدا كە لە تاسڵوجەوە دەستمان پێكردووە بە درێژی 32 كیلۆمەتر كاردەكەین تا دەگەین گوندی دەمركان، هاوكات لە ماوەی 50 ڕۆژی كاركردنی بەردەوامی ستافەكانمان توانیومانە كاری پاككردنەوە و ئامادەكردن بۆ 16 كیلۆمەتری شەقامەكە تەواوبكەین، سەرەڕای هاتنە پێشی چەند گرفتێكی سروشتی و ئیداری لە ماوەی كاركردنماندا بەڵام ئێمە هەر بەردەوامین و ئەو بەڵێنەی داومانە پێوەی پابەند دەبین.

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا بە سەدان هەلیكارمان بۆ هاووڵاتییانی سنوورەكە رەخساندووە لە كاركردنیان لەو پڕۆژەیەدا لەهەمان كاتیشدا تەواوكردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە هۆكارێكە بۆ زیاتر بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری ناوچەكە و سیمایەكی جوانتریش بە سلێمانی دەبەخشێت و ناوەندی سلێمانی لە كێشەی قەرەباڵغی رزگاردەكات و هاووڵاتییان بە ئاسانی دەگەنە شوێنی كارەكانیان، بۆیە هەرچی بڵێین لەسەر ئەم پڕۆژەیە ناتوانین مافی خۆی پێبدەین، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی تەواوكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەروازەیەكە بۆ كرانەوە و ئاوەدانی زیاتری شارەكە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this