سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: هەركات حكومەت مافی موچەخۆرانیدا دەتوانێت داوای ئەركیش بكات

0
1011

SNN-عەلی حەمە سەعید
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات درێژكردنەوەی دەوامی فەرمانبەران بەم حاڵەوە كە مووچە بە 60 ڕۆژ جارێك و بە لێبڕینەوە دابەشدەكرێت، هەر بۆخۆی سەلمێنەری ئەوەیە كە بڕیاری درێژكردنەوەی دەوام جێبەجێ ناكرێت ئێمە ناتوانین جێبەجێی بكەین.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تایبەت بە SNNی راگەیاند: بڕیاری درێژكردنەوەی دەوامی فەرمانبەران لە دامودەزگا حكومییەكان بۆخۆی بڕیارێكە قابیلی جێبەجێكردن نییە، چونكە لە هەموو دنیادا وایە بە گوێرەی یاسا ئەرك و مافی فەرمانبەر دیاریكراوە، كاتێك فەرمانبەر ئەركەكانی جێبەجێ‌ دەكات دەبێت لەبەرامبەردا حكومەتیش مافەكانی جێبەجێ‌ بكات بەڵام ئەمە لە كوردستان پەیڕەوناكرێت و تەنها داوای ئەرك لە فەرمانبەران دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و دابینكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا مافێكی سەرەتایی مووچەخۆرانە، بەڵام دەبینین لە هەرێمی كوردستان خەریكە نۆ مانگ تێپەڕێت هێشتا سێ‌ مووچە دراوە ئەوە سەرەڕای ئەوەی بە لێبڕینی لە%21 وە مووچە دابەشدەكرێت، بۆیە ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە كە ئەو بڕیارەی لەبارەی درێژكردنەوەی دەوامەوە دەركراوە قابیلی جێبەجێكردن نییە.

ئازاد محەمەد باسی لەوەشكرد، من وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوام لە حكومەتی هەرێم كردووە كاتێك دەیانەوێت بڕیارێكی لەوشێوەیە دەربكەن پێویستە ئیدارە خۆجێییەكان بەشداری پێبكەن بۆ ئەوەی میكانیزمی جێبەجێكردنی بڕیارەكان دیاری بكەن، بۆیە دەبێت حكومەت جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە و ئەنجومەنەكان بۆ ئەوەی بڕیارێك دەربكرێت لەبەرژەوەندی هەموواندا بێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this