مایلس كاگینز: هیوایه‌ك هه‌یه‌ ئه‌م رۆژه‌ ناخۆشانه‌ كۆتایی بێت

0
515
كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى مایلس كاگینز، وته‌بێژى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش | فۆتۆ: SNN

SNN
وته‌بێژى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى توانیوویه‌تى 7 ملیۆن و 700 هه‌زار كه‌س له‌ ده‌ستى داعش رزگاربكات، وتیشى: “ئێمه‌ ده‌زانین به‌هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وت و بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا دۆخى عێراق خراپه‌ بۆیه‌ هاوكاریمان كردووه‌”.

مایلس كاگینز، وته‌بێژى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا به‌ بۆنه‌ى كۆتایی هاتنى ئه‌ركه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست وتى: “لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا توانیوومانە 7 ملیۆن و 700 هەزار کەس له‌ ده‌ستى داعش رزگار بكه‌ین، 110 هەزار مەترى چوارگۆشە لەژێر دەستی ئه‌و گروپه‌ دڕندەیه‌ ده‌ربهێنین، تا ئێستاش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 35 هەزار هێرشی ئاسمانی لەدژی داعش ئەنجامداوە لە سوریا و عێراق، لەسەر زەویش پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە و دژە تیرۆرمانکردووە لە راهێنان و راوێژدا”.

وتیشى: “شەڕی دژی داعش شەڕێکی زۆر سەخت بوو و به‌سه‌ختیش به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه‌ ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە و هێزەکانی تر شەهید بوون، بە هەزاران كه‌س بریندار بوون، ئەوانەش لەبیرناکەین کە لەپێناوی پاراستنی هاووڵاتییان گیانی خۆیان بەخشی، وەک هاوپەیمانانیش رێزمان بۆ قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە هەیە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان”.

وته‌بێژى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا باسى خراپى دۆخى دارایی عێراق و هاوكارییه‌كانى هاوپه‌یمانییه‌تیه‌كه‌ى كرد و ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: “ئێمه‌ ده‌زانین دۆخی دارایی خراپە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا، بەڵام لە مانگی رابردوودا ئێمه‌ و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی توانیومانه‌ بڕى 627 هەزار دۆلار هاوکاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق بکەین، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى پێشكه‌شكردنى شەش ئەمبوڵانس، 60 ئامێری هه‌ناسه‌دانى دەستکرد، 60 ته‌ختى نه‌خۆش و 6 هەزار کیتی پشكنینى كۆرۆنا”.

كاگینز لەبارەی کار و چالاکییەکانی هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: “لەسەرتای ساڵى 2020ەوە هاوپەیمانان لە هه‌شت بنکەی سەربازی بچووک کشاوەتەوە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە سەلماندویانە لە شەڕی پاشماوەکان داعش سەرکەوتوون، ئێستاش لە راوێژكارى خۆمان لە سەنتەرەکانمانەوە لە بەغدا و هەولێر بەردەوامین، کاری ئەو سەنتەرانەش گرنگن، لە هەولێریش کار بۆ دروستکردنی سەنتەرێکی هاوشێوەی عێراق دەکەین تاوەکو بە هاوبەشی کاربکەین”.

له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا وته‌بێژى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش باسى له‌وه‌شكرد، “راسته‌ ئێستاش منداڵى بێ باوك هه‌یه‌، خه‌ڵكى هه‌ژار هه‌یه‌، كوشتن و برینداربوون هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه‌ هیوایه‌ك هه‌یه‌ ئه‌م رۆژه‌ ناخۆشانه‌ كۆتایی بێت و هاووڵاتییان عێراق و سوریا له‌ ده‌ست به‌و ژیانه‌ باشه‌ بكه‌ن كه‌ شایسته‌یانه‌”.

هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له‌ 16 وڵاتى زلهێزى جیهان پێكهاتووه‌، ته‌نیا له‌ڕێگه‌ى هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان و پێشكه‌شكردنى هاوكارى مرۆیی و ماددییه‌وه‌ شه‌ڕى داعش ده‌كه‌ن، له‌ 13ى حوزه‌یرانى 2014 به‌ رێبه‌رى ئه‌مریكا دروستكرا، له‌ ئێستا جگه‌ له‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان و هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات زیاتر له‌ 300 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌یدا شه‌ڕیان له‌ دژى داعش كردووه‌.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this