شاره‌زایه‌كى ئابوورى هۆكارى دابه‌شنه‌كردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌كاتى خۆیدا ئاشكرا ده‌كات

0
2115
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری له‌ خولی پێشووی پەرلەمانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: تەنیا لە ساڵی رابردوو حكومەتی هەرێم بە بڕی زیاد لە هەشت ملیار و 430 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بەڵام تەنیا %30 داهاتی ئه‌و نه‌وته‌ بۆ خەڵكی كوردستان بووه‌.

د. عیزەت سابیر، شارەزای كاروباری دارایی و ئابووری و سەرۆكی لیژنەی دارایی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “بە گوێرەی شیكردنەوەیەك كە لە راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەستمكەوتووە، ساڵی رابردوو 171 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمهاتووە لەو ژمارەیە 160 ملیۆن بەرمیل هەناردەی دەرەوە كراوە، 11 ملیۆن لەناوخۆدا بەرهەم هاتووە، كۆی گشتی داهاتی ئەو نەوتەش بریتی بووە لە هەشت ملیار و 438 ملیۆن دۆلار”.

وتیشى: “لە كۆی ئەو داهاتەی ساڵی رابردوو لە فرۆشتنی نەوت دەستكەوتووە، 700 ملیۆن دۆلاری بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیاكان تەرخانكراوە، 25 ملیۆن دۆلار بۆ سوودی قەرزی كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوت رۆیشتووە، دوو ملیار و 537 ملیۆن دۆلار بۆ حەقدەستی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت رۆیشتووە، 494 ملیۆن دۆلاری بۆ كۆمپانیای وزەی توركی دابینكراوە، 644 ملیار دۆلاری بۆ كۆمپانیای نەوتی كوردستان بووە، 610 ملیۆن دۆلاری بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوتی توركی بووە، 781 ملیۆن دۆلاری بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و پاڵاوگەكان بووە، بەوجۆرەش لەكۆی گشتی داهات بڕی پێنج ملیار و 791 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجی رۆشتووە، تەنیا بڕی دوو ملیار و 647 ملیۆن دۆلار بۆ مووچە و خەرجی حكومەتی هەرێم”.

ئەو شارەزایەی كاروباری دارایی ئەوەشی خستەڕوو: “بەشێوەیەكی گشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو نەوتەی دەیفرۆشێت 30%ی بۆ گیرفانی خەڵكە و 70%ی دەچێتە گیرفانی كۆمپانیا توركی و رووسی و ئەمریكیەكانەوە، لەكاتێكدا لە بەغدا دۆخەكە بە پێچەوانەوەیە، 70%ی پارەی نەوت بۆ گیرفانی خەڵكە و 30%ی بۆ گیرفانی كۆمپانیاكانە، هەر ئەمەش وای لە هەرێمی كوردستان كردووە كە پارە بەشنەكات و مووچە لە كاتی خۆیدا دابەشنەكرێت، یان كه‌ دابه‌ش ده‌كرێت به‌ لێبڕینه‌وه‌ دابه‌ش بكرێت”.

ماوه‌ى دوو مانگه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ لێبڕینى 21٪ه‌وه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دابه‌شده‌كات، ماوه‌یى چه‌ندین مانگیشه‌ نه‌یتوانیووه‌ مووچه‌ له‌كاتى خۆیدا دابه‌شبكات، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كابینه‌ى پێشووى حكومه‌تى هه‌رێم مووچه‌ى چه‌ند مانگێكى ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى پاشكه‌وت كردووه‌.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this