زیاد لە 200 پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەڵەبجە لە چاوەڕوانی جیێبەجێكردندان

0
204

SNN-عەلی حەمە سەعید

لەگەڵ ئەوەی ماوەی شەش ساڵە هەڵەبجە كراوەتە پارێزگا و ناوبەناو بەرپرسانی باڵای حكومەت باس لە ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی دەكەن لە پارێزگاكەدا، بەڵام لە ئێستادا 209 پڕۆژەی هەڵەبجە بڕیاری جێبەجێكردنیان بۆ دەرچووە بەڵام جێبەجێ‌ نەكراون، بەرپرسانی ئیداری شارەكەش نیگەرانن لە بەدەمەوە نەهاتنی حكومەت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان.

بەگوێرەی لیستی ئەو پرۆژانەی كە لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجەوە بە SNNدراون بڕیاری جێبەجێكردنیان لێدراوە بۆ هەڵەبجە و بەڵام تا ئێستا جێبەجێ‌ نەكراون ئەوە خراوەتە ڕوو، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا 209 پرۆژەی خزمەتگوزاریی بڕیاری جێبەجێكردنیان دراوە بەڵام تەنها بڕیار بووە و بەكردار شتێكی ئەوتۆ نەكراوە، بەجۆرێك 93 پڕۆژەیان لە%30 كاریان تێداكراوە، 53 پرۆژەی دیكەیان تەنها بەردی بناغەیان دانراوە و كاریان تێدا نەكراوە، 63 پرۆژەش تەنها بڕیاری بۆ دەرچووە و بوودجەی بۆ خەرج نەكراوە.

كوێستان ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە بۆ SNNی ڕوونكردەوە، “تەواونەكردنی ئەو پڕۆژانە لەگەڵ ئەوەی گرفتی بۆ هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دروستكردووە لە هەمان كاتیشدا بوونەتە گرفت لەبەردەم تیمەكانمان بەتایبەت هەندێك پڕۆژە هەڵكەندراون و تەواونەكراون لە كاتی زستان و بارانباریندا گرفتی زۆر دروست دەكەن و پڕدەبنەوە لەئاو، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی ئەو پرۆژانەی كە پەیوەستن بە شارەوانییەوە پێویستیان بە بڕی 389 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ تەواوكردنیان، بەڵام حكومەتی هەرێم بەبیانووی قەیرانی داراییەوە بودجە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانی پارێزگاكە تەرخان ناكات”.

كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: “زیاتر لە پێنج ساڵە هەڵەبجە كراوەتە پارێزگا، لەو كاتەوە تائێستا حكومەتی هەرێم بەتایبەت وەزارەتی دارایی وەك پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا ناكات چونكە بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان مامەڵە دەكات نەك وەك ئەوەی پارێزگایەكی سەربەخۆین، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ژیانی دانیشتووانی شارەكەش دروستكردووە”.

نیگەرانی بەرپرسانی ئیداری و هاووڵاتیانی هەڵەبجە لەكاتێكدایە كە تا ئێستا سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی سەردانی هەڵەبجەیان نەكردووە، لەكاتێكدا سەردانی سەرجەم پارێزگاكان و زۆرێك لەشارو شارۆچكەكانی هەرێمیان كردووە و پرۆژەی ستراتیژیان خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ‌ سەرۆكی حكومەت لەسەردانێكیدا بۆ سنوری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك بە بڕی 43 ملیۆن دۆلار بەردی بناغەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی دانا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this