شاندێكی پارتی لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكان گەیشتە بەغدا

0
138
لۆگۆى پارتى دیموكراتى كوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN – بڕیار محه‌مه‌د
شاندى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ مه‌به‌ستى تاوتوێكردنى پرسى هه‌ڵبژاردنه‌كان گه‌یشته‌ به‌غدا، سه‌رۆكى شانده‌كه‌ش ده‌ڵێت: لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەكان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆده‌بینه‌وه‌ و گفتوگۆ ده‌كه‌ین.

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ شاندێكى تایبه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى خه‌سرۆ گۆران، گه‌یشته‌ به‌غداى پایته‌ختى عێراق.

خەسرۆ گۆران، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ى ئه‌جێنداى سه‌ردانه‌كه‌یانه‌وه‌ به‌ SNNى راگەیاند: “له‌ ئێستادا له‌ به‌غداین وەك شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەمەبەستی دانوستان و كۆبوونه‌وه‌ لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەكان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق”.

وتیشی: “ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دانوستان لەگەڵ هەموو لایەنەكان دەكەین بۆ گەیشتن بە ئەنجامێك لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران له‌ داهاتوودا لە عێراق”.

لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: “پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ شێوازی یەك بازنەییدایە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، چونكە فرە بازنەیی لە ناوچەكانی تری عێراق كاریگەری لەسەر دەنگی كورد دەبێت”.

مسته‌فا كازمى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق له‌ ماوه‌ى رابردوودا وه‌ك وڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ خواستى خۆپیشانده‌رانى مانگى تشرینى دووه‌مى ساڵى 2019 بڕیاریدا هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ له‌ عێراق ئه‌نجام بدرێت، له‌ به‌روارى 6ى حوزه‌یرانى 2021.

یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ ئێستا له‌ نێو شه‌قامى سیاسى عێراق گفتوگۆى زۆرى له‌سه‌ره‌، بابه‌تى بازنه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ له‌ عێراق، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ ململانێكان چڕبوونه‌ته‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر مادده‌ى 15ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، كه‌ باس له‌ بازنه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان.

به‌شێكى زۆرى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ بانه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان بچووكبكرێته‌وه‌ بۆ قه‌زاكان و ئه‌وانیش بانه‌یان هه‌بێت، له‌ به‌رامبه‌ردا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ئه‌م ئالیه‌ته‌ به‌ باش نازانن و پێیانوایه‌، “یه‌ك بازنه‌ى باشتره‌، به‌تایبه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى كارنه‌كاته‌ سه‌ر ده‌نگى كورد له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان”.

به‌پێى یاساى كۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ یه‌ك بازنه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌.

پێشتر شێروان میرزا، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندبوو: “هه‌ڵوێستی یه‌كێتی و زۆربه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ دابه‌شكردنی پارێزگاكان بۆ چه‌ند بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن ره‌تده‌كه‌نه‌وه و داوا ده‌كه‌ن كار به‌ یاسای كۆنی هه‌ڵبژاردن بكرێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this