زانیاری نوێ لە SNNوە بزانە لەسەر دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن

0
1914

SNN-عەلی حەمە سەعید

لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە سەبارەت بە چۆنییەتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ساڵی نوێی خوێندن ئەنجامدەدات، قوتابیانی پۆلی یەك و دوو لە ناو پۆلەكاندا وانەكانیان دەخوێنن، ئەندامێكی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانیش دەڵێت :”بە وەزارەتی پەروەردەمان وتووە خوێندن بە ئۆنلایەن بۆ قوتابیانی پۆلە سەرەتاكان سەركەوتوو نابێت”.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە ئەندامێكی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەوە بە SNN داون ئەوە خراوەتەڕوو، “لەلایەن لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان و پسپۆڕانی بواری پەروەردە و سەر پەرشتیارانی بە ئەزموونی پەروەردەیی چەندین پێشنیار و بۆچوون لەبارەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەكراون كە سەرجەمیان قابیلی گفتوگۆكردنن و لەبەرەوەژەندی قوتابیانە بەڵام هەریەك لەو پێشنیارانە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی تایبەت بەخۆی هەیە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆدەبینەوە بۆ یەكلاكردنەوەی شێوازی دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، بەجۆرێك ئەوەی لە ئێستادا زۆر جەختی لەسەر كراوەتەوە و تاڕادەكیش هەموو لایەك لەسەر كۆكۆن ئەوەیە كە قوتابیانی پۆلی یەك و دوو لە ناو هۆڵەكانی خوێندن وانەكانیان بخوێنن و بە ئۆنلاین وانە نەخوێنن چونكە هیچ فێرنابن، هاوكات پێشنیاریش كراوە كە خوێندن بۆ پۆلەكانی سێی سەرەتایی تا 11 ی بنەڕەتی، بەشێوەی ئۆنلاین بێت جگە لە پۆلی 12ی ئامادەیی.

لای خۆیەوە گوڵستان باقی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توژێینەوەی زانستی بە SNNی ڕاگەیاند: ئەمساڵ پرۆسەی دەستپێكردنەوەی خوێندن هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لە كات و ساتی خۆیدا دەستپێناكاتەوە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیە ئێمە لە لیژنەكەمان چەند كۆبوونەوەیەكمان سەبارەت بەو پرسە ئەنجامداوە و ڕاسپاردە و پێشنیاری خۆمان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كردووە كە تیایدا جەختمان لەوەكردوەتەوە خوێندن بە شێوەی ئۆنڵاین سەركەوتوو نابێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، “لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بڕیارێكی گونجاو لەبارەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن دەربكرێت كە لەبەرژەوەندی قوتبیاندا بێت و هاوكات مەرجەكانی خۆپارێزیش پەیڕەو بكرێن، بۆیە هەموو ئەگەرەكان بۆ ئەوە دەڕۆن كە لەسەرەتای مانگی داهاتوو دەستبكرێتەوە بە پرۆسەی خوێندن”.

گۆڕانكاری لە بڕیاری دەستپێكردنی وەرزی نوێی خوێندنی ئەمساڵ لە كاتێكدایە، كە رۆژی چوارشەمەی رابردوو (2/9/2020)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەیەكی تایبەت بە تاووتوێكردنی بژاردەكانی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن (2020-2021) لە ناوەند و دامەزراوەكانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی كوردستان، بڕیاریدا وەرزی یەكەمی ساڵی نوێی خوێندن بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی دەست پێ بكات، جگە لە قۆناغی (12)ی ئامادەیی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this