مامۆستایەكی زانكۆ: سەردانی كازمی بۆ دەروازە سنوورییەكان زۆر پەیامی تێدایە

0
980

SNN-عەلی حەمە سەعید
مامۆستایەكی زانكۆی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات هاتنەكەی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان و سەردانیكردنی دەروازە سنورییەكان ئەو پەیامە بە عێراقییەكان دەگەیەنێت كە بابەتی ڕیفراندۆم و جیابوونەوە بەسەر چووە و عێراق هەریەك عێراق، بەڵام بەكۆی گشتی موچەخۆرانی هەرێم چاویان لەوەیە ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆبكرێت.

د. نەریمان عەبدوڵا، ڕاگری كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی سەر بە زانكۆی هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان چەند پەیامێكی گرنگ لەخۆدەگرێت، دەیەوێت بەشەقامی عێراقی بڵێت عێراق هەریەك عێراقە و سەرۆكوەزیران هەركاتێك بیەوێت سەردانی هەرپارێزگایەكی عێراق دەكات، عێراق یەك پارچەیە و ئەوەی پێشتر لەبابەتی ڕیفراندۆم و جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق باسی لێوەدەكرا بەسەر چوو.

ئاماژەی بەوەشكرد: “سەردانیكردنی كازمی بۆ دەروازە سنوورییەكان و بەستنەوەی مەرزەكانی هەرێم بە حكومەتی ناوەندییەوە بۆ كازمی كارێكی لەپێشینەیە، چونكە لە ئێستادا رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت چۆن دەروازە سنوورییەكانی دیكەی عێراقی كۆنتڕۆڵكردووە و داهاتیان زیادیكردووە دەبێت دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش بخاتەوە ژێر ڕكێفی حكومەتی عێراقی و داهاتەكەیان زاندراوبێت، چونکە ئەوان پێیان وایە هیچ جیاوازییەك نییە لە نێوان دەروازە سنوورییەكانی ئومقەسەر لەگەڵ باشماخ و ئیبراهیم خەلیل”.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئەوەشی خستەڕوو، “بەشێكی دیكەی هاتنەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق پەیوەندی بە بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن هەیە، چونكە كازمی چاوی لەوەیە لەڕێگەی دروستكردنی لیستی تایبەت بەخۆی و دروستكردنی هاوپەیمانی، جارێكی دیكە هەمان پۆست وەربگرێتەوە، بەڵام بەكۆی گشتی ئەوەی بۆ هاووڵاتییانی هەرێم بەتایبەت فەرمانبەران گرنگە، كۆتایی هێنانە بە دواكەوتنی مووچە و ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەنێوان هەولێر و بەغدا واژووبكرێت”.

مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم-ی کرد لە قەزای زاخۆ سەربە پارێزگای دهۆک و لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەکە کۆبووەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this