پەرلەمانتاران داوای پرۆژەیاسای بودجە لە حكومەت دەكەن و حكومەتیش رەتیدەکاتەوە

0
145
دانیشتنێکى پەرلەمانی کوردستان | فۆتۆ: نووسینگەى راگەیاندنى پەرلەمان
SNN-عەلی حەمە سەعید
بە واژووی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتارانی ژمارەیەك لە فراكسیۆنە جیاوازەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكرێت بەر لە ساڵی دارایی پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم ڕەوانەی پەرلەمان بكات بۆ گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی، حكومەتی هەرێمیش لە وەڵامدا دەڵێت پرۆژە یاسای بودجە نانێرین.عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بە SNNی راگەیاند: لەگەڵ ئەوەی دەبوو لە ساڵانی ڕابردووش پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم بهاتایەتە پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ بكرایە و پەرلەمانتاران ئاگاداری خەرجی و داهاتەكان بوونایە، بەڵام هەشت ساڵە پرۆژە یاسای بودجە نایەتە پەرلەمان و نازاندرێت بودجەی ئەم هەرێمە چەندە و چۆن خەرجدەكرێت و چەند قەرزارە، بۆیە نامانەوێت ئەم دۆخە بەم جۆرە بەردەوامی هەبێت و دەبێت سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هەڵوێستیان هەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە ئێستادا بە واژووی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتارانی چەند فراكسیۆنێك داوایەكمان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە و داوامان كردووە بە پاڵپشت بە مادەكانی (66 و 98 ) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان داوادەكەین ئەنجومەنی وەزیران لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم بەر لە ساڵی دارایی پرۆژە یاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی.

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی جەختی لەوەشكردەوە: نەبوونی پرۆژە یاسای بودجە هۆكارێك بووە بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی زیاتر و خراپ بەكارهێنانی سامانی گشتی، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان خاوەنی داهاتێكی زۆرە و ئەگەر بەباشی ئیدارە بدرێت دەتواندرێت زۆربەی گرفتە داراییەكانی پێچارەسەر بكرێت.

هەرچەندە جارێ‌ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان داواكاری ئەو پەرلەمانتارانەی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران نەكردووە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەكانی SNN هەر لە ئێستاوە حكومەت ئەوەی وەڵامی ئەو پەرلەمانتارانە داوەتەوە كە ئامادەنین پرۆژەیاسای بودجە بنێرنە پەرلەمان تا ئەوكاتەی لەگەڵ حكومەتی عێراق واژووی ڕێككەوتن دەكەن و بۆیان ڕوونبێتەوە حكومەتی عێراق چەند پارە ڕەوانەی هەرێم دەكات و پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بە لەسەدا چەند دیاری دەكرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this