بەمزووانە حكومەتی عێراق نەوتی سپی بۆ سلێمانی دەنێرێت

0
555
دابه‌شكردنى نه‌ونى سپى به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
پارێزگاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: لە سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ شاری سلێمانی سەرەڕای رادەستكردنی داواكارییەكانمان، بەڵێنی ئەوەمان لێ وەرگرتووە كە بەمزووانە بڕی پێویستی نەوتی سپی بۆ دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییاندا رەوانەی پارێزگای سلێمانی بكات.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە SNNی راگەیاند: “سەردانی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ شاری سلێمانی و ئەنجامدانی كۆبوونەوە و دانیشتنەكانمان لەگەڵیدا سەرجەم ئەو داواكارییانەی كە پەیوەستن بە پرۆژە و كاروباری هاووڵاتییان و پێداویستییەكانی سنوور لە زیاتر لە 20 خاڵدا ئاراستەی ناوبراومان كردووە، لەبەرامبەریشدا بەڵێنی جێبەجێكردنی زۆربەى داواكارییەكانی پێداوین”.

وتیشى: “بەدەر لە داواكارییەكانمان كە بە نووسراو ئاراستەی مستەفا كازمیمان كردووە، ئەوەشمان بۆ روونكردووه‌تەوە كە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری ناوچەیەكی شاخاوی ساردە و زۆرترین بەفر و باران لەم سنوورە دەبارێت لە وەرزی زستاندا، بۆیە سەرۆكوەزیرانی عێراقیش بەڵێنیداوە بەمزووانە نەوتی سپی رەوانەی پارێزگای سلێمانی بكات بۆ ئەوەی دابەشیبكەین بەسەر هاووڵاتییاندا”.

بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی پارێزگای سلێمانی، “بۆ ئەوەی هەموو خێزانێك بەرمیلێك نەوتی سپی پێبدرێت، پارێزگاى سلێمانى پێویستى بە بڕی 108 ملیۆن لیتر نەوت هه‌یه”‌.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this