“حكومه‌ت نه‌یتوانیووه‌ وه‌ك پێویست یاساى چاكسازى جێبه‌جێبكات”

0
204
كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى فه‌رمان ڕه‌شاد، سه‌رۆكی رێكخراوی ستۆپ | فۆتۆ: SNN

SNN – بڕیار محه‌مه‌د

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رێكخراوی (ستۆپ) دووه‌م راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بڵاوكرده‌وه‌، سه‌رۆكى رێكخراوه‌كه‌ش ده‌ڵێت: له‌ كۆى 14 پرۆژه‌یاسا كه‌ بڕیاربوو پێشكه‌شى په‌رله‌مانى كوردستانیان بكات له‌ چوارچێوه‌ى چاكسازیدا ته‌نیا سێ پرۆژه‌یاساى پێشكه‌شكردووه‌.

فه‌رمان ڕه‌شاد، سه‌رۆكی رێكخراوی ستۆپ ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ شارى هه‌ولێر ده‌قی راپۆرته‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ و رایگه‌یاند: “ئەنجوومەنی وەزیران لە ماوه‌ى ته‌مه‌نیدا 14 كۆبوونەوەی ئەنجامداوە، هه‌شت كۆبوونەوە به‌شێوه‌ى ئۆنڵاین بووە، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو ئەنجوومەنی وەزیران 14 پرۆژەیاسا پێشكەشی پەرلەمانى کوردستان بكات، زۆرینەیان پەیوەندیداربوون بە چاكسازی، لەو ماوەیەدا، بەڵام تەنیا سێ پرۆژە یاسای پێشكەشكردووە كه‌ بریتیبوون له‌: ماددە هۆشبەرەكان، چاكسازی و لە ئەستۆكردنی فەرمانبەران”.

وتیشی: “لە ماوەی یەك ساڵی كاركردنی حكومەتی هەرێمدا 64 بڕیارى بۆ چاكسازی و زیادكردنی داهات و باشتركردنی خزمەتگوزاری و ئەدای دامەزراوەكان دەركردووە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوون زۆرینەی هەرە زۆریان یان نەچوونەتە بواری جێبەجێكردن یاخود بە سستی جێبەجێ دەكرێن”.

له‌باره‌ى راپۆرتەكانی كۆمپانیاى دیلۆیت بۆ وردبینى له‌ نه‌وتى هه‌رێم فه‌رمان ڕه‌شاد ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :”وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیاى دیلیۆیت تەنیا باسی داهاتی نەوت دەكەن، بەهیچ شێوەیەك باسی داهاتی كێڵگە غازییەكان ناكەن، ئه‌مه‌ش ناڕوننیه‌”.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: “حكومەت لە ساڵی 2016ەوە گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای ENY كردووە بۆ وردبینی لە داهاتی شیرینی گرێبەستە نەوتییەكان، بەڵام تا ئێستا هیچ راپۆرتێك لەو بارەوە بۆ رای گشتی بڵاونەكراوەتەوە، لەكاتێك ئەو بابەتە گومانی گەندەڵی لەسەرە، بەگوێرەی راپۆرتی دیلۆیت حكومەتی هەرێم تەنیا 54% داهاتی نەوتی لە ساڵی 2019 بۆ ماوەتەوە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق 85.7% داهاتی نەوتی بۆ گەڕاوەتەوە، حكومەتی هەرێم هەنگاوەكانی بۆ زیادكردنی داهاتی ئەو كەرتە دەستپێكردووە، بڕیاریشی لەبارەوە داوە، بەڵام هێشتا وەك پێویست بڕیارەكان جێبەجێ نەكراون”.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: “ئەنجوومەنی وەزیران لە ماوەی رابردوودا چوار لیژنەی جۆراوجۆری بۆ رێكخستنەوەی خاڵە سنووریەكان پێكهێناوە، پرۆژه‌یاسای دروستكردنی دامەزراوەی خۆراك و دەرمانى ئاماده‌كردووه‌‌، چاوەڕێ دەكرێت لەم وەرزەی یاسادانانی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكرێت بۆ پەسەندكردنی”.

سه‌رۆكی رێكخراوی ستۆپ له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا باسى له‌ یاسای چاكسازی كار كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: “یاسای چاكسازی كار هەنگاوەكانی هێشتا بە خاوی دەڕوات و تا ئێستاش دیار نییە كە یاساكە دەتوانێت مووچەی ئەوانە ببڕێت كە پێیان دەوترێت بندیوار، چونكە بەگوێرەی بەدواداچوونی ئێمە سیستەمی بایۆمەتری سەركەوتوو بووە لە ئاشكراكردنی زیاتر لەجارێك سوودمەندبوون لە سامانی گشتی، بەڵام لە دیاریكردنی بن دیوارەكان سەركەوتوو نەبووە، پێویستە حكومەت لە قۆناغی دووەمی بایۆمەتری ئەو رێوشوێنە تووندتر بكات”.

له‌ باسى پرۆژه‌یاسى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمان ڕه‌شاد روونیكرده‌وه‌: “نەبوونی پرۆژەیاسای بودجە بەربەستێكی گەورەیە لەبەردەم شەفافییەت لە خەرجی و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە حه‌وت ساڵە هەرێمی كوردستان بێ بودجەیە كە ئەوەش درێژترین ماوەیە كوردستان بێ بودجە بێت لەدوای ڕاپەڕینەوە له‌ هه‌مان كاتیش ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە سایتی سەرجەم دامەزراوە و وەزارەتەكان رابگرێت و هەموو چالاكییەكی و هەواڵەكان تەنیا لە سایتی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوبكرێتەوە، كە ئەوەش سنوورداركردنی شەفافییەت و كاری میدیای وەزارەتەكان و پشتگوێ خستنى یاساى مافی دەستکەوتنى زانیارییە”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: “حكومەتی هەرێم هەنگاوێكی ئەوتۆی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری ژمارەی 11ی ساڵی 2013، لەكاتێكدا بەڵێنێكی كابینەی نۆیەم بەهێزكردنی شەفافییەتە لەكارەكانی حكومەت، هه‌روه‌ك ئەنجوومەنی وەزیران لەڕێگای پرۆژەیەكەوە پلانی فرۆشتنی زەوی و موڵكی حكومی هەیە، كە ئێمە پێمان وایە ئەو هەنگاوە بەبێ دیراسەكردنی ورد لەو قۆناغەیە هەڵەیە و مەترسیدارە، پێویستە بۆ زیادكردنی داهات پەنا بۆ چاكسازی ببرێت لە كەرتەكانی تر”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this