دواى دوو مانگ، یاساى چاكسازى به‌ چ قۆناغێك گه‌یشتووه‌ و كاریگه‌رى چیبووه‌؟

0
277
كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێم | فۆتۆ: نووسینگه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت

SNN – عەلی حەمەسەعید
لەگەڵ ئەوەی ماوەی دوو مانگە پرۆژەیاسای چاكسازی كە لەلایەن حكومەتەوە ئامادەكرا و لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە دۆخی دارایی هەرێم رووینەداوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: “ئەگەر چاكسازی لە نەوت و گومرگ و خاڵە سنوورییەكاندا بكرایە پێویستمان بە یاسای چاكسازی نەدەبوو”.

مژدە مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “هێنانە كایەی یاسای چاكسازی و رەوانەكردنی بۆ پەرلەمان لەلایەن حكومەتەوە، بۆ مەشغوڵكردنی هاووڵاتییان و لەبیربردنەوەی گرفتە راستەقینەكانی مووچەخۆران بوو، چونكە ئەو یاسای چاكسازییە زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر كرا و شتێكی ئەوتۆشی تێدا نەبوو بۆ باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتییان و ئەنجامدانی چاكسازی راستەقینە لە سێكتەرەجیاوازەكاندا، سەرەڕای ئەوەی لای هاووڵاتییان ئەم یاسایە بە فریادڕەسێك نیشاندرا”.

وتیشى: “دوای ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، ماوەی دوو مانگه‌ چاكسازی چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بە كردار هیچشتێكی وامان نەبینیووە كە بڵێین ئەوە لە ئەنجامی یاسای چاكسازی هاتووەتە ئاراوە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر پرۆژەی بایۆمەتری بۆ مووچەخۆران و فەرمانبەران ئەنجامدراوە و بڕە پارەیەكی زۆری تێدا خەرجكراوە، بەڵام ئەوەش نەیتووانی گرفتی دوو مووچە و سێ‌ مووچە چارەسەر بكات و داهاتی حكومەت زیاد بكات”.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە: “ئەگەر حكومەتی هەرێم بە راستییەتی دەیەوێت چاكسازی بكات ئەوا دەتوانێت تەنیا لە سێ‌ بواردا كه‌ بریتین له‌: دەروازە سنوورییەكان، داهاتی نەوت و چۆنیەتی فرۆشتنی بە كۆمپانیاكان و داهاتی گومرگ شەفاف بكات، ئيتر هەرێمی كوردستان پێویستی بە هیچ یاسایەكی چاكسازی نابێت كە تەنیا قسەوباسێكەوە لەسەر شەقام بە كردار هیچمان نەبینی، بگرە دۆخی هاووڵاتییان بەرەو خراپتریش رۆشتووە و بۆ سێ‌ مانگ دەڕوات مووچە بە لێبڕینی لە %21 دابەشدەكرێت”.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌مڕۆ رێكخراوى ستۆپ له‌ شارى هه‌ولێر له‌ دووه‌مین راپۆرتى خۆیدا كه‌ له‌باره‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنى كار و چالاكییه‌كانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌ ره‌خنه‌ى له‌ یاسایی چاكسازى گرت، فه‌رمان ڕه‌شاد، سه‌رۆكى رێكخراوه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: “لە ماوەی یەك ساڵی كاركردنی حكومەتی هەرێمدا 64 بڕیارى بۆ چاكسازی و زیادكردنی داهات و باشتركردنی خزمەتگوزاری و ئەدای دامەزراوەكان دەركردووە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوون زۆرینەی هەرە زۆریان یان نەچوونەتە بواری جێبەجێكردن یاخود بە سستی جێبەجێ دەكرێن”.

وتیشى: “بڕیاربوو ئەنجوومەنی وەزیران 14 پرۆژەیاسا پێشكەشی پەرلەمانى کوردستان بكات، زۆرینەیان پەیوەندیداربوون بە چاكسازی، لەو ماوەیەدا، بەڵام تەنیا سێ پرۆژە یاسای پێشكەشكردووە كه‌ بریتیبوون له‌: ماددە هۆشبەرەكان، چاكسازی و لە ئەستۆكردنی فەرمانبەران”.

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this