” له‌سه‌ر داواكارى مسته‌فا كازمى شاندێكی هەڵەبجە دەچێته‌ بەغدا”

0
536
كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى ئازد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە و جێگره‌كه‌ى | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
بە مەبەستی خستنەڕووی داواكاری ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە و چارەسەركردنی گرفتەكان، ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ پارێزگاری هەڵەبجە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانى پارێزگاكه‌ كۆبووەوە، له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش ئازاد تۆفیق رايگه‌یاند: “سەرەتای مانگی داهاتوو روو لە بەغدا دەكەین”.

لە كۆنگرەیه‌كى رۆژنامەوانیدا كه‌ دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئه‌نجامیدا ئازد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە رایگه‌یاند: “وەك ئامادەكارییەك بۆ یادی 21 ساڵەی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە، كه‌ لە 22ى ئه‌یلولى 1999  لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە كرایە پارێزگا، ئەمڕۆ سەردانی هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجەمان كرد و پێمان راگەیاندن: دەبێت لەڕێگەی نوێنەرەكانیانه‌وه‌ لە حكومەت و پەرلەمان كاربكەن بۆ زیاتر گەشەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری”.

وتیشى: “لەدوای سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ هەڵەبجە و كۆبوونەوەمان لەگەڵیدا، داوایلێكردین بە یاوەری شاندێك بچینە بەغدا و لەوێ‌ بە وردی باس لە كێشە و گرفتەكانمان بكەین و داواكارییەكانمان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەین، بۆیە بڕیارمانداوه‌ لەسەرەتای مانگی داهاتووه‌وه‌ بە یاوەری شاندێك بچینە بەغدا و لەگەڵ سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی و چەند وەزیرێكی دیكەی حكومەتی عێراقی كۆدەبینەوە”.

پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: “هەفتەی داهاتوو بە دیاریكراوی لە 22ى ئه‌یلول، كە هاوكاتە لەگەڵ پەسەندكردنی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە وەك پارێزگا لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنە جیاوازەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان، سێ‌ یاداشتی جیاواز ئاراستەی حكومەت و پەرلەمان و حكومەتی ناوەندى دەكەین كە پەیوەستن بە داواكارییە هەنووكەییەكانی پارێزگای هەڵەبجەوە لەسەرو هەمووشیانەوە بابەتی كردنەوەی بازاڕچەی مەرزى سازانە لە نێوان ئێمە و پارێزگای كرماشان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this