فرە بازنەیی لە هەڵبژاردنەكانی عێراق زیان بە كورد دەگەیەنێت

0
1175

SNN-عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا هێز و لایەنەسیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆ یەكلاكردنەوەی شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق، هەر لایەنە و هەوڵدەدات لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی بەو بابەتە بهێنێت، بەڵام لایەنە كوردستانییەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردنی هەبێت و فرەبازنەیی زیان بە دەنگەكانی كورد دەگەیەنێت بەتایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكان.

بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN لە ئێستادا هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی سێ‌ بژاردە دەكەن بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بژاردەكانیش بریتین لە یەكەم: هەر پارێزگایەك یەك بازنە بێت، دووەم هەر قەزایەك یەك بازنە بێت، سێیەم: هەر كورسییەكی پەرلەمان بازنەیەك بێت، واتە هەر 100 هەزار دانیشتووان و كورسییەكیان بۆ تەرخان بكرێت.

هەر بە گوێرەی بەدواداچوونەكان لایەنە شیعەكان دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، فراكسیۆنی سائیرون لەگەڵ فرە بازنەیدا و فراكسیۆنی دەوڵەتی قانون لەگەڵ ئەوەدایە عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە كوردەوە هەیە، ئەوە یەكلابووەتەوە كە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كورد لەسەر ئەوە كۆكن كە دژی فرە بازنەین و دەیانەویت عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت یاخود بەلایەنی كەمەوە هەر پارێزگایەك بە بازنەیەكی هەڵبژاردن دیاری بكرێت.

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە SNNی راگەیاند: لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ هەریەكە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە عێراق هاوڕابووین كە هەڵبژاردنی عێراق یەك بازنە بێت، یاخود هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت، چونكە فرە بازنەیی لەبەرژەوەندی گەلی كورد نییە بە تایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكان، هاوكات هێشتا لایەنە شیعەكانیش خۆیان یەكلا نەكردوەتەوە لەسەر یەك شێوازی هەڵبژاردن ناكۆكیان لەنێواندا هەیە.

ئەڵماس فازڵ، پەرلەمانتاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە SNNی ڕاگەیاند: یەكێتی و زۆرینەی كورد لە بەغدا تێبینییان لەسەر دەقی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان هەیە لەبارەی بابەتی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە، چونكە ئەو یاسایەی ئێستای هەڵبژاردن بە دەنگی زۆرینە پەسەندكراوە و كۆدەنگی لەسەر نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا یاسای ئێستای هەڵبژاردنی پەرلەمان دەنگی كۆتای ئافرەتان و دەنگی كورد بەتایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكان پەرتەوازە دەكات و تەنیا خزمەتی ئەو لایەنانە دەكات كە گوشار دەكەن بۆ ئەوەی هەر پارێزگایەك دابەش بكرێتە سەر بازنەیەكی بچووكی هەڵبژاردن، پێویستە هەموو كورد یەكهەڵوێست بێت و شاندی كورد كە دەچێتە بەغدا دانوستاندن و گوشار بكات بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن چونكە زۆرینەی كورد لەگەڵ ئەوەدایە هەموو عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت.

بە گوێرەی زانیارییەكانی SNN ئەوەی پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیە بۆچوونی ئەوان لەسەر شێوازی هەڵبژاردن لەعێراق ئەوەیە كە لەگەڵ فرە بازنەیدا نین چونكە گۆڕان پێی وایە ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدان هیچ كێشەیەكیان بۆ دروست نابێت و هەر كاندیدە كوردەكان لە هێز و لایەنە سیاسیەكان دەردەچن، بەڵام لە ناوچە جێناكۆكەكان گرفت بۆ كاندیدە كوردەكان دروست دەبێت و ئەو دەنگانەی پێشتر هێناویانە ناتوانن بیهێننەوە بەوهۆیەشەوە كورسییەكانی كورد كەمدەكات.
ناكۆكی هێز و لایەنە سیاسییەكان لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە كاتێكدایە كە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق مانگی رابردوو بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this