عێراق و ئەمریکا پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهێزدەکەن

0
199

هەروەک پێشتر مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی داهاتوودا گفتوگۆیەکی ستراتیژی لە نێوان بەغدا و واشنتۆندا بەڕێوەبچێت بۆ تاوتوێ کردنی هەموو ئەو پرسانەی کە پەیوەندیدارن بە پەیوەندی نێوان هەردوولاوە، لە نێویشیاندا پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

لە ساڵی2003وە، ساڵ لەدوای ساڵ ئەمریکا بە بڕی سەدان ملیۆن دۆلار هاوکاری ئابووری و سەربازی عێراقی کردووە، ئەمە جگە لە پاڵپشتی دیبلۆماتی بۆ وڵاکە، هەموو ئەو پشتیوانیانە لەکاتێکدابوو ئەمریکا پێشبینی دەکرد حێراق ببێتە هاوبەشێکی گرنگ لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لەبری ئەوە، حکومەتی عێراقی بە ئاڕاستەیەکی زۆر پێچەوانەدا رۆیشتووە، ئەوەش بە بەکارهێنانی هێز دژ بە خۆپیشاندەرانی خەڵکی وڵاتەکە، هەروەها رێگای بۆ دوژمنە سەرسەختەکەی ئەمریکا، کە ئێرانە، خۆشکردووە خاک و دام و دەزگا حکومی و ئابووریەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت.

ئەو گفتوگۆ ستراتیژیەی کە بڕیارە مانگی داهاتوو دەستپێبکات، دەکرێت ببێتە دوایین دەرفەت بۆ بەهێزکردنەوەی پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا، بەتایبەت لە ئێستادا کە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا زیانی بە ئابووری ئەمریکا گەیاندووە و ئەوەش جارێکی دیکە سەرنجی بەرپرسانی ئەمریکا بەلای بودجەی ئەمریکا و بەرنامەی هاوکاری دەرەکی، رادەکێشێت.

ئیدارەی ئەمریکا تاوتوێی ئەوە دەکات لە بودجەی ساڵی 2021ی وڵاتەکەدا 600 ملیۆن دۆلار بۆ راهێنان و پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرخان بکات تا لە شەڕی دژ بە پاشماوەکانی چەکدارانی داعش بەردەوامبن، ئەمە جگە لە هاوکارییە لۆجیستی و هەواڵگری و پاڵپشتی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق.

هاوکات ئیدارەی ئەمریکا تاوتوێی دابینکردنی 120 ملیۆن دۆلاری دیکە دەکات تا هاوکاربێت لە بەهێزبوونی ئابووری عێراق و لە چەند بوارێکی دیکەی وەک هەڵگرتنەوەی مین و بۆمبی چێندراوی داعش خەرجی بکات.

لە سەروو هەموو ئەم هاوکاریانەوە، ئەمریکا لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانیدا داکۆکی لە عێراق کردووە تا بە بڕی ملیاران دۆلار قەرز بکات.

چاودێران پێیان وایە ئەم هاوکارییانەی ئەمریکا پێشکەشی عێراقی دەکات جێگرەوەی نیە، ئێرانیش ناتوانێت بەهەمان ئاست هاوکاری دراوسێکەی بکات.

لەکاتێکیشدا کە ئەگەر ئەمریکا وەکو دۆست و هاوپەیمانی عێراق نەمێنێت پێشبینی دەکرێت دۆخی ئابووری و ئاسایشی عێراق پاشەکشەبکات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this