ئەمڕۆ شاندیكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكەن

0
376

SNN-عەلی حەمە سەعید
وابڕیارە سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێكی تەكنیكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دوا گفتوگۆ لەبارەی پلانی ستراتیژی بۆ داڕشتنی پڕۆژە بودجەی سێ ساڵی عێراق ئەنجامدەدەن، ئەندامێكی شاندەكەش وردەكاری زیاتر بۆ SNN ئاشكرا دەكات.

پەروین محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئەندامی شاندەكەی هەرێم بە SNNی راگەیاند: سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی هەرێم بە نوێنەرایەتی هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و پلاندانان سەردانی بەغدا دەكەین، سبەی دووشەممە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی داڕشتنی ستراتیژیەتی پڕۆژە بودجەی سێ‌ ساڵی داهاتوو لە 2021 و تا ساڵی 2023 دەستپێدەكەین، ئەگەریش گفتوگۆكان بەدڵی هەردولامان بێت ئەوا پێدەچێت ئەم كۆبونەوەیە ببێتە دواین كۆبوونەوەی شاندەكەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ئەو پرسە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمە جاری یەكەم نییە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بەشداری كۆبوونەوەكانی لیژنەی داڕشتنی بنەما ستراتیژییەكانی بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵی ئاییدە بكەین، بەڵكوو لە 31-8-2020 دەستمان  بە كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن كردووە تا ئێستا سێ‌ جاری دیكە سەردانی بەغدامان كردووە، چونكە حكومەتی عێراق بەتایبەت وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێت هەرێمی كوردستان بەشێك بێت لە داڕشتنی پلانی ئابووری و دروستكردنی جۆرێك لە سەقامگیری ئابووری بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان.

بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، سەردانی ئەم شاندە تەكنیكییەی ئێمە بۆ بەغدا و كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ئاسانكارییە بۆ سەردانی ئەو شاندە سیاسییەی بەسەرۆكایەتی ( قوباد تاڵەبانی) كەوا بڕیارە لە داهاتوودا سەردانی بەغدا بكەنەوە بۆ كۆتایی هێنان بە واژۆكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this