پاش بایکۆتکردنی دانیشتنی پەرلەمان، فراکسیۆنی سەوز راگەیاندراوێک بڵاودەکاتەوە

0
217

پاش ئەوەی فراکسۆنی سەوزی یەکێتى نیشتمانى کوردستان کوردستان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد دەربارەی وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە کۆمەڵێک پەرلەمانتار، فراکسیۆنی سەوز راگەیاندراوێک بڵاو دەکاتەوە کە تێیدا هاتووە:

هەروەک ئاشکرایە لە ئێستادا هەرێم لەبەردەم کارەساتێکى سەختى ئابوریی و داراییدایە و دۆخى ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان و موچەخۆران لە بارێکى خراپدایە، هاووڵاتیانى کوردستان لەهەڵومەجى نەخوازراوى ئێستادا بە ئومێدەوە لە پەرلەمانى کوردستان دەڕوانن، كە هاوشانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكانیان چارەسەربكات، نەك دەستپێکى کارەکانى ئەم وەرزەى پەرلەمان بە دەستبردن بۆ لێسەندنەوەى پرسى پارێزبەندیى ئەندامان دەستپێبکات. بێگومان ئەم هەنگاوە دەبێتە مایەى دروستکردنى قەیرانی زیاتر و ناكۆكیی لەنێوان فراكسیۆن و هێزە سیاسییەكانی كوردستانیش قوڵتر دەکاتەوە.

ئێمە لەفراکسیۆنى سەوزى یەکێتى نیشتمانى کوردستان وێڕاى ئەوەى رێز لە سەروەریی یاسا دەگرین و بڕوامانوایە دەبێت هەموومان یەكسان بین لەبەردەم یاسادا، هەروەها رێزى ئەو پەیڕەوەیش دەگرین كە لە پەرلەمانی كوردستان دا پەسەندكراوە، بەڵام ئەگەر پرسی هەڵگرتنی “پارێزبەندیی”ی سەر پەرلەمانتارانی سكاڵالێكراو نەخرابا بەرنامەى کار، ئەمە نەدەبووە هۆی پێشێلكردنی یاسا، بە پێچەوانەوە خزمەتی زیاتری پێكەوە كاركردنی سەرجەم فراكسیۆنەكانى لە پەرلەمانی كوردستاندا دەکرد، بەتایبەتی تا ئەم دۆخە نەخوازراوەمان تێدەپەڕاند، کە رووبەڕووی هاوڵاتیان و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم بوەتەوە.

ئێمە پێمان وایە دەبێت لەئێستادا فراکسیۆنەکانى پەرلەمان تەركیز بخەنە سەر پتەوکردنى یەک ریزی و یەکگرتوویى گەلەکەمان بەئامانجى چارەسەركردنی قەیرانە دارایی و كارگێڕییەكانی هەرێم و دروستکردنى هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ چارەسەركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند و باشكردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان و جێبەجێكردنی هەنگاوەکانى داهاتوی چاكسازیی لە سەرجەم سێكتەرەكانی ژیان و بەرێوەبردندا، نەک تێکدانى سازانى نیشتمانى. لەبڕى سەپاندنى دەسەڵاتى زۆرینەى پەرلەمانى بۆ لێسەندنەوەى پارێزبەندیی لەپەرلەمانتاران، کە بێگومان ئەم هەنگاوە دەبێتە مایەى قوڵکردنەوەى ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکانى ناو پەرلەمان وپشتکردن لەجێبەجێکردنى ئەرکە راستەقینەو لەپێشینەییەکانى ئەم وەرزەى کارى پەرلەمانیمان کە خزمەتکردنى خەڵکى کوردستانە، ئەرکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستانە کە خەمى موچەو باشکردنى ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان لە ئەولەویەتى کارەکاندا بێت.

هەرچەندە ئێمە لەفراکسیۆنى سەوزى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەسپێشخەرى و هەماهەنگیمان کردووە لەگەڵ شەش فراکسۆنى ترى پەرلەمانى کوردستان لەیاداشتێکدا داوامان کرد پرسى لابردنى پارێزبەندیى نەخرێتە بەرنامەى کار، بەڵام بەهۆى سەپاندنى عەقڵیەتى زۆرینەو کەمینە و رێز نەگرتن لە ئیرادەى پێکەوە کارکردن وپاراستنى یەکریزى نیشتمانى بەداخەوە ئەم پرسە خرایە بەرنامەى کارەوە.

لەسۆنگەى هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتى نیشتمانى و پاراستنى یەکریزى گەلەکەمان و رێزگرتن لەسەرجەم هێزە سیاسییەکانى ناو پەرلەمانى کوردستان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و راگرتنى شکۆى پەرلەمانى کوردستان لەئازادى رادەربڕین و ئاخاوتندا، بڕیارماندا بە بایکۆتکردنى دانیشتنى هەڵگرتنى پارێزبەندیى سەر ئەندامانى پەرلەمان.

فراکسیۆنى سەوز
لەپەرلەمانى کوردستان
7/5/2020

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this