“دۆسێیەک بۆ پرسی تەعریب و گرفتەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان ئامادە دەکرێت”

0
148

SNNـ مەودا مستەفا 

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا سەرقاڵی رەخساندنی دانوستانین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە دابڕاوەکان و یەکلاکردنەوەیان بەپێی ماددەی 140.

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی رایگەیاند: سەرقاڵی ئامادەکردنی مەلەفی دانوستانین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە دابڕاوەکان و یەکلاکردنەوەیان بەپێی ماددەی 140، لەکۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانیش ئەم پڕۆژەیەی ئامادەکراوە لەلایەن لیژنەی باڵای دانوستان دەخرێتە بەردەستیان و ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر لەگەڵ بەغدا.

دەشڵێت: ئەو بارودۆخەی ئێستای کەرکوک و ناوچەکانی تر ناکرێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، زوڵمێکی زۆر لە کوردستانیانی ئەم ناوچانە دەکرێت، پڕۆسەی تەعریبکردن بەردەوامە و کورد لە پڕۆسەی ئیداری و سەربازی دوورخراوەتەوە، پێویستە بەغدا هەوڵەکانی چڕبکاتەوە و ناکرێت کورد کە زیاتر لە 50٪ی ناوچەکەیە پەراوێزبخرێت و بەعەرەبکردن بەردەوام بێت، حکومەتی هەرێم دەیەوێت کێشەکان چاڕەسەر بکات و دوای ئەوەی بڕیاری لەسەر دەدەرێت دەچنە بەغدا بۆ زیندووکردنەوەی ماددەی .140

ئەوەشی خستەڕوو: لەدوا سەردانی کازمی بۆ هەرێم پرسەکە و ئەو زوڵمەی لە کورد دەکرێت باسکرا و شاندی هەرێمیش لەبەغدا باسی کردوە، بۆ ئەوەی کێشەکان بەپێی ماددەی 140 چارەسەر بکرێن، چونکە پارێزگاری سەپێنراوی کەرکوک کارئاسانی تەواو دەکەن بۆعەرەبی هاوردە و لە دادگای کەرکوکیش چەند دادوەرێک هەن پاڵپشتی بڕیارەکانی پارێزگار دەکەن، بۆیە مەلەفێکی تەواومان داوە بە کازمی و دادگا، چاوەڕێی حکومەتی عیراقین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە ناکرێت جارێکی تر زەویە کشتووکاڵیەکان دەستی بەسەردابگیرێت.

لەبارەی 320 ملیار دینارەکە باسیلەوەکرد: پابەندنین بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و حکومەتی هەرێمیش پابەندە بەو ئیلتزامانەی لەسەریەتی جێبەجێی بکات، هەروەها حکومەتی بەغداش هیچ ئاماژەیەکی دەرنەکەوتووە دژی ناردنی ئەو بڕە پارەیە بێت.

لای خۆشیەوە عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕایگەیاند: گرفتەکان لەگەڵ بەغدا قۆڵتربوونەتەوە لەبوارەکانی ئەمنی و دارایی، بۆیە هەرێم بە پێویستی دەزانێت ڕێککەوتن بکرێت بەپێی ماددەی 140، لیژنەیەکیش دروست دەکرێت بۆ ناساندنی تاوانەکانی داعش وەک جینۆساید، کۆکردنەوەی بەڵگەکان و ناساندنی ئەو کارەساتە بەجینۆساید.

وتیشی: بەشێکی زۆری تاوانەکان تۆمارکراون و بەدیکۆمێنت کراون، شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش دیاری کراوە و هەماهەنگیش لەگەڵ نەتەوەیگرتووەکان کراوە.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this