ناكۆكی لە نێوان فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان سەرهەڵدەدات و سەرۆكی فراكسیۆن دەگۆڕێت

0
1466
لۆگۆى بزووتنەوەى گۆڕان | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو فراكسیۆنی گۆڕان هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگر و بریاردەی فراكسیۆنەكەیان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ناكۆكی لەو هەڵبژاردنە هەڵوەشاوەتەوە و سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ فراكسیۆنی گۆڕان دیاریكراوە، سەرۆكی نوێی فراكسیۆنی گۆڕانیش دەڵێت لەسەر داوای من ئەو هەڵبژاردنە هەڵوەشاوەتەوە.

گوڵستان سەعید، سەرۆكی نوێی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو هەڵبژاردنەی كە لە هەفتەی پێشووتر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن ئەنجامدرا لەڕووی یاساییەوە گرفتی هەبوو، چونكە ژمارەیەك لە هاوڕێكانمان ئاگایان لەو جۆرە هەڵبژاردنە نەبوو هاوكات ژووری هەڵبژاردنەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بێ ‌ئاگابوو لەو هەڵبژاردنەی كە( دابان محەمەد) بە سەرۆكی فراكسیۆن هەڵبژێردرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، من داوا لە خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كرد كە دەبێت ئەو هەڵبژاردنە دووبارە بكرێتەوە، هاوكات من پێشتر ئامادەیم دەربڕیبوو كە لەدوای ( عەلی حەمە ساڵح) خۆم بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی گۆرشان كاندید بكەم بەڵام بەهۆی نەخۆشكەوتنمەوە ئاگاداری ئەو هەڵبژاردنە نەبووم كە هەفتەی پێشوو ئەنجامدرا، بۆیە خانەی ڕاپەڕاندیش داواكارییەكەی منیان پەسەندكردو بڕیاریندا هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە، هەر دوێنێش پرۆسەی دەنگدانەكە بەڕێوەچوو لەگەڵ (دابان محەمەد) هەریەكە شەش دەنگمان بەدەستهێناوە، بەڵام بە گوێرەی مادی (5) لەدەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان هەركات ژن و پیاوێك لە پرۆسەیەكی هەڵبژاردن یەكیانبن لەدەنگدا ئەوا چانس بە ژنەكە دەدرێت بۆیە من بومە سەرۆكی فراكسیۆن.

“SNN پەیوەندی بە ( دابان محەمەد) سەرۆكی پێشتری فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان كرد بەڵام ناوبراو ئامادەنەبوو لەسەر ئەو پرسە هیچ لێدوانێك بدات”.

بە گوێرەی زانیارییەكانی SNN ئەو هەڵبژاردنەی كە هەفتەی پێشووتر ئەنجامدراو (دابان محەمەد) بە سەرۆكی فراكسیۆن هەڵبژێردرا لەلایەن بەرپرسانی گۆڕانەوە پەسەند نەكراوە و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە پێی باش بووە كە (گوڵستان سەعید) ئەو پۆستە وەربگرێت، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناكۆكی لەنێوان ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this