لێدوانێکی وەزیری دارای گرفت بۆ ڕێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا دروست دەكات

0
446

SNN-عەلی حەمە سەعید

جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، بەو پێیەی كە تا ئێستا حكومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە ڕێككەوتنی ئۆپیك پاراستووە لەبارەی ڕێژەی هەناردەكردنی نەوت دەبێت حكومەتی هەرێمیش پابەندی هەمان ڕێككەوتن بێت و نابێت بە قاچاغ یان هەر شێوازی دێكە نەوت هەناردە بكات.

ڕێبوار تەها، جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە SNNی ڕاگەیاند: ئێمە ئاگاداری لێدوانەكانی وەزیری دارایی عێراقین لەبارەی بە قاچاغ فرۆشتنی نەوتی هەرێم، بەڵام بە گوێرەی ئەو بەدواداچوونەی كە كردومانە تا ئێستا حكومەتی عێراق پابەند بوونی خۆی بە ڕێككەوتنی ئۆپیك پاراستووە لەبارەی ڕێژەی هەناردەكردنی نەوت، هاوكات دەبێت حكومەتی هەرێمیش پابەندی هەمان ڕێككەوتن بێت و نابێت بە قاچاغ یان هەر شێوازی دێكە نەوت هەناردە بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، كاتێك نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە دەكرێت لەسەر ژمارەی ناردنەدەرەوەی نەوتی عێراق ئەژمار دەكرێت لە ڕێكخراوی ئۆپێك، بۆیە ئەوەندەی بە ئێمە وتراوە لە لایەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێمەوە ئەوان پابەند بوونی خۆیان بەو ڕێككەوتنەوە دوپاتكردوەتەوە كە حكومەتی عێراق واژۆی كردووە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختی لەوەشكردەوە، ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق گفتوگۆمانكردووە لەبارەی بە قاچاغ فرۆشتنی نەوتی هەرێم و داوای بەڵگەمان لێكردوون، بەڵام ئەوان بەڵگەیەكی باوەڕپێكراویان پێنەداوین، بۆیە ئەو لێدوانانەی وەزیری دارایی عێراق كاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەر واژۆكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا چونكە هەردولایان پێویستیان بە ڕێككەوتن هەیە و بەو ئاراستەیەش كاردەكەن.

لیدوانەكەی جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەكان لەكاتێكدا كە عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق ئەوەی ڕاگەیاندووە كە هەرێمی كوردستان بووەتە سەرچاوەی بە قاچاغبردنی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوتی زیادە و ئەوەش وایكردووە، عێراق شكست بهێنێت لە پابەندبوون بە رێككەوتنی ئۆپێك پڵەس بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

باسی لەوەشكردووە، “هەرێمی كوردستان رۆژانە 450 بۆ 470 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ئەو بڕە دیار نییە كە بە رێگەی قاچاخ دەفرۆشرێت، چونكە لە هەندێك كێڵگەی نەوت دزەپێكردنی نەوت هەیە، كە بە تانكەر بۆ هەندێك شوێن دەبرێت و نازانرێت بڕەكەی چەندە”

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this