پرۆژەی شاری گەشیاری دوكان داهاتووى كه‌رتى گه‌شتوگوزار له‌ عێراق ده‌گۆڕێت

0
654
به‌نداوى دوكان له‌ پارێزگاى سلێمانى | فۆتۆ: MhamadKorra

SNN – عەلی حەمە سەعید
بەبڕی یەك ملیار و 600 ملیۆن دینار كاركردن لە گەورەترین پرۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دەستیپێكردووە.

ڕێژین رەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزای دوكان بە SNNی راگەیاند: “كاركردن لە پرۆژەی گەشتیاری شاری دوكان یەكێكە لەو پرۆژە ستراتیژیانەی كە نەك تەنیا بۆ قەزای دوكان گرنگە بەڵكو بۆ تەواوی سنووری پارێزگای سلێمانیش سوودی دەبێت، چونكە لەڕووی ئابوورییەوە هۆكارێكە بۆ ڕەخساندنی بە هەزاران هەلیكار، زیاتر لە 26 هەزار هەلیكار بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە دەڕەخسێندرێت بۆ گەنجان و كەسانی بێكار، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارێزگای سلێمانی چەند هەنگاوێكی گەورە بەرەو پێش دەچێت”.

وتیشى: “رووبەری پرۆژەكە خۆی دەدات لە نزیكەی پێنج هەزار دۆنم زه‌وى، لە ئێستادا زیاتر لە 20 ئەندازیار و روپێویكار سەرقاڵی كاركردنن لەسەر دیاریكردنی كۆی كاركردن لە زەوی دیاریكراوی پرۆژەكە، هاوكات هەڵكەوتەی شوێنی ئەنجامدانی پرۆژەكەش بەجۆرێكە كە زۆر گونجاوە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی گەشتیاری هەمەچەشنە، ئەمە زۆر گرنگە لە هەر پرۆژەیەكی گه‌شتیاریدا بوونی هەبێت، چونكه‌ ئەمە وادەكات بەتەواوكردنی بە هەزاران گەشتیار لە وڵاتانی جیهانەوە روو لە ناوچەكەمان بكەن، ئەمەش دواجار بە سوودی ئابووری سلێمانی و بە شێوەیەكی گشتیش بە سوودی ئابووری حكومەتی هەرێم دەشكێتەوە”.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزای دوكان زیاتر له‌باره‌ى گرنگى ئابوورى پرۆژه‌كه‌وه‌ دواو و ئەوەشی خستەڕوو: “لەم قۆناغەدا كە حكومەتی هەرێم لە قەیرانی دارایدایە و مووچە لەكاتی خۆیدا دابەشناكرێت، ئەم پرۆژەیە هۆكارێك دەبێت بۆ ڕەخساندنی هەلیكار و دروستكردنی سەرچاوەی بژێوی هەزاران خێزانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە كاركردنیان لەو پرۆژەیەدا، چونكە رووبەری پرۆژەكە فراوانە و ماوەی كاركرنیش تیایدا درێژخایەنە”.

پرۆژەی گەشتیاری شاری دوكان بە تێچووى یەك ملیار و 600 ملیۆن دۆلار لەلایەن گروپی كۆمپانیاكانی فاروق ئەنجام دەدرێت، قه‌ره‌بووى سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌كرێته‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ قه‌زاى دوكان و سه‌ر به‌نداوى دوكان.

پێشتر قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم له‌دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بۆردى به‌ڕێوه‌بردنى پرۆژه‌ى شارى گه‌شتیارى دوكان‌ رایگه‌یاند: “ئەم پڕۆژەیە كارێكی گەورەی ستراتیژی و نیشتمانییە، بەشێكیشە لە پلانی حكومەت‌ بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار و جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات بەهاوكاری كەرتی تایبەت، لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆژەكەش ژمارەیەکی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت، جموجوڵی بازرگانی زیاتر دەکات، جگە لەوەش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوریمان و كەڵك وەرگرتنە لە دەریاچەو سروشتی جوانی دوكان و دەكرێت ببێتە نمونە و پێشینە بۆ هاوینەهەوارەكانی ترمان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this