بەهۆی ڕەشەباوە بەرهەمی هەنگوین کەمی کردووە

0
174

SNN- محەمەد مستەفا

لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ژمارەیەکی زۆر هەنگەوان هەن کە گەرمیان و کوێستان بەمێش هەنگەکانیان دەکەن، بەڵام هەنگەوانانی ئیدارەی راپەڕین باس لەوە دەکەن بەهۆی خراپی ڕەوشی کەشوهەوا ئەمساڵ کەمترین بەرهەمی هەنگوینیان هەبووە.

” ڕەشەبا هۆکاری سەرەکی کەمی بەرهەمی هەنگوین بووە”

عەبدولقادر رەسوڵ خاوەن پڕۆژەی هەنگەڵانی پشدەر بە SNN ی راگەیاند : ئەمساڵ بە گشتی بەرهەمی هەنگوین لە سنووری ئیدارەی راپەڕین زۆر کەم بوو ئەویش بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەوا و بە تایبەت بوونی ڕەشەبای بەردەوام، کە ڕەشەبا لە هەر هۆکارێکی تری کەشوهەوا زیاتر کاریگەری هەیە لەسەر جوڵە و کاری هەنگەکان، تەنیا لە وەرزی بەهاردا بەشێک لە هەنگەوانەکان توانیان کەمێک بەرهەمی هەنگوین کۆبکەنەوە.

وتیشی “لە وەرزی هاویندا بەرهەمی هەنگوین لە کەمترین ئاستی خۆیدا بووە بە جۆرێک کە کۆمەڵەی هەنگ لە 30 شانەوە کەم بۆتەوە بۆ 5 تا 7 شانە، واتا ئەو شانە هەنگە هێز و توانای مێش هەنگەکانی لە دەستداوە، بۆیە بەشی زۆرینەی هەنگەوانانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین زیانی زۆریان بەرکەوتووە”.

عەبدولقادر ڕەسوڵ باس لەوەش دەکات: هەڵکەوتەی ژینگەی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بە جۆرێک گونجاوە کە دەتوانرێت لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین خواستی سەرجەم بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەنگوین پڕ بکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بێ خەمی حکومەت تا ئێستا نەتوانراوە بەرهەمی هەنگوین بە پیشەسازی بکرێت.

خاوەن پڕۆژەی هەنگەڵانی پشدەر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: “بەهۆی خراپی کەش و هەواو هاوکاری نەکردنی حکومەت بۆ هەنگەوانان بەشێکی زۆر لە هەنگەوانانی ئیدارەی راپەڕین دەستبەرداری کاری هەنگەوانی بوون و روویان کردۆتە کار و پیشەیەکی تر”.

لای خۆشیەوە خدر ئیبراهیم بەڕێوبەری کشتوکاڵی ڕانیە بە SNN ی ڕاگەیاند: بە گوێرەی بەدواداچونەکانی ئەوان دەرکەوتووە کە ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین لە سنوورەکە زۆر کەمبووە، هۆکاری سەرەکیش بۆ کەمی بەرهەمی هەنگوین دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ڕەشەبای بەردەوام بە درێژای 4 مانگی رابردوو .

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕانیە راشیگەیاند: بە سود وەرگرتن لە هەڵاڵەی گوڵە بەڕۆژە و کونجی لە دەشتی بیتوێن کەمێک لە هەنگەوانان بڕێک بەرهەمی هەنگوین دەستکەوتووە بەڵام بە گشتی بەرهەمی هەنگوین زۆر کەم بووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this