زیاد جەبار لەبارەی خراپتربوونی رەوشی دارایی هەرێم هۆشداری دەدات

0
270

SNN-عەلی حەمە سەعید
تا ئێستا حکومەتی هەرێم پڕۆژەیاسای بودجەی نەناردووە بۆ پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات وەك فراكسیۆنی یەكێتی هەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم پرۆژەیاساکە بنێرێت، نوسراوی فەرمیشمان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، ئەگەر پرۆژە یاسای بودجە نەنێردرێتە پەرلەمان، ساڵی داهاتوو دۆخی دارایی هەرێم خراپتر دەبێت.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەندامی فراكسیۆنی سەوز، بە  SNNی راگەیاند: ماوەی حەوت ساڵە حكومەتی هەرێم پرۆژە یاسای بودجەی نەناردووەتە پەرلەمانی كوردستان، بۆیە وەك فراكسیۆنی یەكێتی یەكێك لە پێشینەی كارەكانمان دروستكردنی فشاربووە لەسەر حكومەت بۆ ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ پرۆژە یاسای بودجەی 2021 رەوانەی پەرلەمان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش وەك فراكسیۆنەكەمان نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانكردووە بەڵام هێشتا وەڵام نەدراوینەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بێگومان بۆ ئەمساڵ بەهیچ جۆرێك حكومەت فریای ئەوە ناكەوێت كە پرۆژە یاسای بودجە ئامادە بكات و ڕەوانەی پەرلەمانی بكات وەك ئەوەی لە ئێستادا حكومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی ئەوكارەن، بۆیە هەموو هەوڵەكانمان ئەوەیە كە پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت، چونكە لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا بەشێك لەو نەهامەتیانەی كە بەسەر خەڵكی ئەم هەرێمەدا هاتووە هۆكاری نەناردنی پرۆژە یاسای بودجە بووە بۆ پەرلەمان.

سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر حكومەتی هەرێم بیر لەوەبكاتەوە كە بیەوێت بۆ ساڵی داهاتوو پرۆژە یاسای بودجە نەنێرێتە پەرلەمانی كوردستان، ئەوا هاووڵاتییان دڵنیادەكەینەوە دۆخی دارایی هەرێم لەم چەند ساڵە خراپتر دەبێت و باش نابێت، بۆیە زۆر گرنگە سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن و پەرلەمانتاران و چین و توێژە جیاوازەكان فشارێكی جدی لەسەر حكومەت دروستبكەین بۆ ناردنی پرۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this