“ئەو بەڵێن و پرۆژانەی وەزارەتی سامانەسروشتییەكان بە هەڵەبجەی دابوو سڕاونەتەوە”

0
172
هەڵەبجە

SNN-عەلی حەمە سەعید

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەموو ئەو بەڵێن و پڕۆژە و بودجانەی بەڵێن درابوو بۆ هەڵەبجە جێبەجێی بكرێن، لە سایتی نوێی وەزارەتەكەدا سڕاونەتەوە وبونیان نییە و ئەمەش هەنگاوێكی دیكەیە بۆ نا ڕوونی و لادان لە هێڵە گشتییەكانی ئەم كابینەیە.

كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم لە هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری خۆیدا لە بڕگەی یەكەم باسی چاكسازی و شەفافیەت دەكرێت، بەڵام چەند ساڵێكە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بودجەی تەرخان كردووە بۆ كۆمەڵێك ناوچەی جیاجیا لە هەرێم و بە پاساوی قەیرانی دارایی و كێشەی نێوان حكومەت و بانكی ئەهلی زۆربەی نەكەوتونەتە بواری جێبەجێكردنەوە لە ناویشیاندا پڕۆژە تایبەتەكانی هەڵەبجە بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار بڕیار بوو جێبەجێ‌ بكرێن.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە سایتی فەرمی خۆیدا تا پێش چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بە درێژایی كابینەی هەشت و ساڵێكی كابینەی نۆ لە ژێر ناوی بنیاتنانی تواناكان بە ئینگلیزی و كوردی ئاماژەی بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە پارانە كردووە لە كاتی واژووی گرێبەستەكان وە بەڵێنی خەرج كردنی دارابوو، بەڵام ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سایتی وەزارەتی نوێكردووەتەوە هەموو ئەوزانیاریانەی سڕیوەتەوە نەماوە، هێندە ناڕونە هیچ كەسێك نازانێت ئەو بودجانە چۆن خەرجكراون، بۆیە دەبوو ئەم كابینەیە وەك لە هێڵە گشتیەكان ئاماژەیان پێكردووە زیاتر بەرەو شەفافیەت بچێت نەك پێچەوانەكەی.

جێگیری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، “حكومەتی هەرێم كاتێك بۆ ناوچەیەك بودجەیەك خەرج دەكات كە سەرەتا وەرگیراوە لە كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ مەبەستی پرۆژە بووە، بۆیە وا بڕیارە فڕۆكەخانەی دهۆك لەسەر ئەو بودجانە دەستپێبكاتەوە كە لە ڕیزبەندی چوارەمە لە خشتەكە، لە كاتێكدا پرۆژەكانی هەڵەبجە لە ڕیزبەندی دووەمی ئەو لیستەدان كە بڕیاربوو بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە بەڵام تا ئێستا یەك دینار بۆ هەڵەبجە خەرنەكراوە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this