ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتوو: پارتی ستەمی لێكردین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ لە سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوامدەبین

0
158
لۆگۆى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی رایده‌گه‌یه‌نێت: كشانەوەمان لە حكومەتی خۆجێی پارێزگای دهۆك بە فشاری پارتی بوو، ده‌شڵێت: “ئه‌و كاره‌ى ئه‌وان به‌رامبه‌ر ئێمه‌یان كرد جگە لە ستەمێك هیچی تر نەبوو”.

حەسەن شێخ عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “لە هەرێمی كوردستان دوو هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و پەرلەمان دەكرێت، هەر هەڵبژاردنە و تایبەتمەندی خۆی هەیە حزبەكان بە گوێرەی دەنگی خۆیان لە هەردوو هەڵبژاردنەكاندا پشكیان بەردەكەوێت، بۆیە بەشداری ئێمەش لە حكومەتی خۆجێی لەسەر بنەمای دەنگەكانمانە كە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەدەستمان هێناوە و هیچ پەیوەندی بە پێكهێنانی كابینەی حكومەتەوە نییە، ئەو هەڵبژاردنەی بۆ پەرلەمان دەكرێت پەیوەندی بە پێكهێنانی كابینەی حكومەتەوە هەیە”.

وتیشى: “ئێمە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەشداری حكومەتی خۆجێیمان كردووە و مافێكی سروشتی خۆمانە و كەس خێری پێنەكردوین، بۆیە بەشداریمان لە حكومەتی خۆجێی پارێزگای دهۆك مافێكی سروشتی خۆمان بوو، پارتی دیموكراتى كوردستان تاكلایەنانە ئەو پۆستانەی لێوەرگرتینەوە، بۆیه‌ پێمانوایە ئەوەی پارتی بەرامبەر بە ئێمە ئەنجامیدا جگە لە ستەمێك هیچی دیكە نەبوو، چونكە بە نیازنەبووین لە حكومەتی خۆجێی پارێزگای دهۆك بكشێینەوە تا ئەو كاته‌ی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت”.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكگرتوو ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: “ئێمە لە حكومەتی خۆجێی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوام دەبین و هیچ ستەمێكمان لێنەكراوە تاوه‌كو بكشێینەوە، بۆیە ئەوە بڕیارى یەكگرتووە كە تاوه‌كو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەو پۆستانەی كە لە ئێستادا لەدەستماندایە بەردەوام دەبین”.

وتەكانی ئەو به‌رپرسەی یەكگرتوو لە كاتێكدایە، بەرلە چەند رۆژێك پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی ئاگاداركردەوە كە “دەبێت تاوه‌كو كۆتایی ئەم مانگە ئەو پلە و پۆستانە جێبهێڵن كە لە حكومەتی خۆجێی دهۆك وەریانگرتووە”، ئەوەش بەهۆی واژووكردنی پەرلەمانتارانی یەكگرتوو بۆ بانگهێشتكردنی مه‌سرور بارزانى، سەرۆكی حكومەت بۆ پرساندنى له‌ پەرلەمانى كوردستان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this