كۆمپانیای كار زیاد لە 500 ملیۆن دۆلاری لە حکومەت وەرگرتووە

0
175

SNN
بە وتەی بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان: “حكومەتی هەرێم لە ماوەكانی پێشوودا بڕی 524 ملیۆن دۆلاری داوە بە كار گروپ بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدان لە كێڵگەی خورمەڵە”، دەشڵێت “لە هیچ یاسایەكدا نیە كە حکومەت پارەیەكی وا زەبەلاح بدات بە كۆمپانیایەکی بواری نەوت”.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی، لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: “لە ئابڕووچونێكی بێ وێنەدا حكومەتی هەرێم لە ماوەكانی پێشوودا بڕی 524 ملیۆن دۆلار دەدات بە كار گروپ بۆ پەرەپێدان و گەشە پێدان لە كێڵگەی خورمەڵە. لە هیچ یاسایەكدا نیە كە كێڵگەیەك بە پشكی لە 100% بە كۆمپانیایەكی بواری نەوت بدرێت. هاوکات حكومەت بێت و پارەیەكی وا زەبەلاح بدات بە كۆمپانیاكە”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “من ئامادەم بۆ پێدانی بەڵگە بەو كەسانەی دەیانەوێت بەدواداچوون بكەن بۆ ئەو دۆسیەیە و جگە لەوەش تیشك دەخەینە سەر داهاتی پاڵاوگەی كەلەك بۆ ئەوەی هەموو لایەك بزانێت تەنها لە ڕێگەی ئەم پاڵاوگەیەوە كار گروپ چەند ملیار دۆلاری قازانج كردووە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان بەجۆرێك، كاتێك كۆمپانیای كار پاڵاوگەی كەلەك دروست دەكات، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان گرێبەستێكی كردووە لەگەڵیدا بۆ دروست كردنی مشتقاتی نەوتی وەك بەنزین و گازویل و نەوتی سپی و نەفتا بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێك نەوت بڕی 17 دۆلار دەدات بە كۆمپانیاكە، لەكاتێكدا ئەو كۆمپانیایە هەمان ئەو كارە گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووە بە 10 دۆلار”.

بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان ئەوەشی خستەروو: لەسەرەتای دەستبەكاربوونی پاڵاوگەی كار  توانای پاڵاوتنی 20 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بووە، لە مانگی تەمموزی 2009 تا سەرەتای 2012 بووە، لە قۆناغی دووەمدا توانای پاڵاوگەی كەلەك بەرزكراوەتەوە بۆ 40 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، لە قۆناغی سێهەمدا كە لە سەرەتای ساڵی 2012 بۆ ساڵی 2014 بووە ڕێژەی پاڵاوتنی بۆ 80 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا و قۆناغی چوارەم لە ساڵی 2015 و 2016 دەست پێدەكات كە بەرهەمهێنانی پاڵاوتن بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز دەبیتەوە بۆ 180 هەزار بەڵام 100 هەزاری بۆ حكومەتی هەرێم پاڵاوتووە ئەو بڕەی تر بۆ پاڵاوتن بووە لە كێڵگەكانی كەركوك”.

لە کۆتا ڕاپۆرتی دیلۆیت لە ساڵی 2019، هاتووە بۆ پاڵاوتنی هەشت ملیۆن و 737 هەزار و 444 بەرمیل بووە و داهاتەكەی 186 ملیۆن و 629 هەزار و 355 دۆلار بووە، كۆی گشتی قازانجی ئەو كۆمپانیایە لەو پێنج قۆناغەدا چوار ملیار و 964 ملیۆن دۆلار بووە، بۆیە بەم جۆرە گرێبەستانەی حكومەت ڕوون دەبێتەوە سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ تەنها بۆ قازانجكردن و دەوڵەمەند كردنی كۆمپانیا حیزبیەكانە نەك ئامانج بۆ زیاد كردنی داهاتی حكومەت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this