مامۆستایانی گەرمیان خۆپیشاندانیان کرد و داواکارییان هەیە

0
292

SNN- سیروان حه‌سه‌ن

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 7ی ئایار به‌شێك له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانى ناڕازى له‌ گه‌رمیان خۆپیشاندانیان كرد و چه‌ند داواكارییه‌كیان خسته‌ڕوو، تێیدا داواى مووچه‌یانكرد به‌ بێ داوكه‌وتن و رایانگه‌یاند: سیستمى خوێندن به‌ ئۆنلاین جێبه‌جێناكه‌ن.

 

له‌ سه‌ره‌تادا مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانى ناڕازى گه‌رمیان له‌ به‌رده‌م پاركى له‌یلا قاسمى شارى كه‌لار گردبوونه‌وه‌ و چه‌ند وتار و وته‌یه‌كیان خسته‌ڕوو، دواى فراوانبوونى ژماره‌ى به‌شداربووان به‌ نێو بازاڕى شاره‌كه‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و له‌ یاداشتێكدا چه‌ند داواكارییه‌كیان خسته‌ڕوو كه‌ بریتین له‌:

 

1- پێویستە مووچە لەکاتی خۆیدا بدرێت بەشێوەیەکی کرداری و بەبێ بەڵێنی درۆ، هه‌روه‌ها ڕازی نابین بەدواخستنی موچەکانمان کە بەجۆرێکی تر ستەمی پاشەکەوت بسەپێنێتەوە.

 

2- هیچ موماتەڵە و سیناریۆیەک داواکاری مافە زەوتکراوەکانمان بیر ناباتەوە و پێویستە حکومەت بێتە ژێر باری گەڕاندنەوە ماف و پاشەکەوتی موچەخۆران.

 

3- بەبێ ڕەزامەندی و ڕازیبوونی مامۆستایان بیر لە هەر سیستم و بەئونلاینکردنێکی خوێندن هیچ دەرئەنجامێکی باشی نابێت.

 

4- وانەبێژان بکرێن بە هەمیشەیی بەبێ جێاوازی پسپۆڕیی، پێوەری ساڵانی وانەبێژی بە خزمەت هەژمار بکرێت، لەئێستاشدا کرێی هاتوچۆیان بۆ سەرف بکرێت.

 

5- حکومەتی شکستخواردوو دەبێت بزانێت پابەند نەبوونی فەرمانبەران و لە کیسچوونی ساڵێکی خوێندنی دەکەوێتە ئەستۆ و لەبەردەم خودا و خەڵک و مێژوودا بەرپرسیار دەبێت.

 

نه‌به‌رد ئه‌حمه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانى ناڕازى له‌ گه‌رمیان بهSNNى راگه‌یاند: له‌ هه‌رێمى كوردستان چه‌وساندنه‌وه‌ى چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان پێی ناوەتە قۆناغی ترسناکترەوە و درێژەی کێشاوە، بۆیە ئێمە وەك دەنگی ناڕازی لە دەڤەری گەرمیان ڕێگە نادەین لەمە زیاتر دەسەڵاتی کوردی یاری بەژیانی مووچەخۆران و هاونیشتمانیان بکات.

 

وتیشى: “هۆشداری دەدەینه‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار چیتر تەحەمولی ئه‌م بێباکییەی دەسەڵاتی کوردی ناکەین و لە ئەگەری ئاوڕنەدانەوە و پشتگوێخستنی مەرج و داواکارییەکانمان، رێگەی مەدەنی توند دەگرینەبەر”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this