بۆچی شاندی هەرێم ناگەڕێتەوە بەغدا؟

0
868
شاندی هەرێم لە بەغدا | فوتۆ: ئەژی عومەر

SNN – عەلی حەمەسەعید
لەگەڵ ئەوەی ناوبەناو باس لە گەڕانەوەی شاندی دانووستانكاری هەریم دەكرێت بۆ بەغدا و بۆ كۆتاییهێنان بە گفتوگۆكان و واژووكردنی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەت ئاشكرایدەكات: تاوکو ئێستا هیچ وادەیەك بۆ رۆیشتنەوەی شاندەكەیان دیارینەكراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئەندامی شاندی دانووستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغدا بە SNNی راگەیاند: “ئەو قسەوباسانەی كە باس لە دیاریكردنی وادەیەكی نزیك دەكەن بۆ گەڕانەوەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دوورن لە راستییەوە، چونكە تا ئێستا هیچ وادەیەك لە نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا دیارینەكراوە بۆ گەڕانەوەی شاندەكەمان بۆ بەغدا و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانمان”.

بەپێی زانیارییەکانی SNN کە لە بەرپرسانی کورد وەریگرتوون لە بەغدا، “نەگەڕانەوەی شاندنی هەرێم بۆ بەغدا پەیوەندی بە دوو هۆكاری سەرەكییەوە هەیە، یەكێكیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تاوەکو ئێستا پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراقی نەخستووەتە بەرنامەی كارەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و هاوكات پشكی تاوەکو هەرێم لەو پرۆژەیاسایە رووننەبێتەوە و كۆتایی پێبێت”.

هەربەپێی زانیارییەکان، “هۆكارێكی دیكەی پشت نەگەڕانەوەی شاندی هەرێم پەیوەندی بەو دۆخەوە هەیە كە لە ئێستادا دەگوزەرێت بەتایبەت بابەتی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و كشانەوەیان بۆ هەولێر، چونكە بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراق سەرقاڵی ئەو بابەتەن”.

SNN ئەوەشی زانیووە، “تا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاسای بودجە نەكات و نزیكنەبنەوە لە پەسەندكردنی لە لایەن پەرلەمانەوە، پێناچێت شاندەكەی هەرێم بگەڕێنەوە بەغدا، چونكە هەردوولا چاوەڕێی پەسەندكردنی ئەو پرۆژەیاسایە دەكەن بۆ ئەوەی بەرچاوی هەردوولایان روون بێت لەسەر واژووكردنی رێككەوتنی نێوانیان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this