وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی “داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا” روونکردنەوە دەدات

0
648

SNN

وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، رایگەیاند: پێشتر واشنتن بە بە ئاشکرا وتوویەتی هێرشە مووشەکییەکانی چەکدارانی نزیک لە ئێران لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەڕەشەیە لەسەر حکومەتی عێراق و ناوەندی دیبلۆماسییەکەی ئەمریکاش.

وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە کەناڵی حوڕەی ئەمریکی وتووە: “پێشتر بە روونی بە حکومەتی عێراقمان وتووە کە هێرشە مووشەکییەکانی گروپەچەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە هەڕەشە بۆ سەر باڵیۆزخانەکەی ئەمریکا و حکومەتی عێراق و ناوەندە دیبلۆماسییەکانی دیکەش دەزانین، تەنانەت هەڕەشەیە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی کە دەکرێنە ئامانج”.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتەکە وتویەتی: ئەمریکا گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە رێگری سەرەکی دادەنێت لەبەردەم وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا، لەکاتێکدا کە ئەمریکا لە هەوڵدایە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قایلبکات کە هاوکاری دارایی زیاتر پێشکەش بە وڵاتەکە بکەن.

هەر لەبارەی بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەکەی ئەمریکاوە، ئەحمەد مەلا تەڵاڵ وتەبێژی حکومەتی عێراق بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی وتووە: هیواخوازین ئیدارەی ئەمریکا بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.

شەوی رابردوو ماسیو توڵه‌ر، باڵیۆزى ئه‌مریكا له‌ عێراق به‌غداى به‌جێهێشت‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌ولێر، دوای ئەوەی بڕیار لەسەر داخستنی باڵیۆزخانەکە درا.

لە ماوەی رابردوودا هێرشی بەردەوام دەکرایە سەر ناوچەی سەوز، بەتایبەت ئەو ناوچەیەی کە نزیکە لە باڵیۆزخانەکەوە.

دوێنێش رۆژنامەی واشنتن پۆست وتارێکی نوسەر و پسپۆڕی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا دەیڤد ئیگناتیۆسی بڵاوکردەوە کە هۆشداریدابوو لەوەی کە ئەگەر ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی دابخات ئەوا ئەگەری هەیە لە پێش هەڵبژاردنی ئەمریکا، فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆردومانی پێگەکانی حەشدی شەعبی بکەن، ئەوەشی بە “سوپرایزی ئۆکتۆبەر” ناوبرد.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this