“ئه‌گه‌ر پارتى پێش هه‌ڵبژاردن كۆنگره‌ نه‌به‌ستێت مافى به‌شداریكردنى لێ وه‌رده‌گرینه‌وه‌”

0
916
لۆگۆى پارتى دیموکراتى کوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی سەربە كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆى هەڵبژاردنەكانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: بەگوێرەی یاسای حزبەكان ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان تا پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان كۆنگرە نەبەستێت بێبەشدەكرێت لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو.

سەعید كاكەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی سەربە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “بە گوێرەی یاسای حزبەكان و بەپێی ماددەی (36) لە یاسای 2015ی تایبەت بە بەشداری حزبە سیاسییەكان، دەبێت هەر حزبێك پێش هەڵبژاردن كۆنگرەی خۆی ببەستێت، هەر لەو چوارچێوەیەشدا پارتی دیموكراتی كوردستان بە نووسراوی فەرمی ئاگاداركراوەتەوە كە دەبێت پێش هەڵبژاردن كۆنگرە ببەستێت”.

له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى نه‌به‌ستنى كۆنگره‌ و كاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌شداریكردنى ئه‌و حزبه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌عید كاكه‌یی وتیشى: “به‌پێى ئەو یاسایە، ئەگەر هەر حزبێك كۆنگرەی نەبەستبێت ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات، بە تایبەت كە پارتی دیموكراتی كوردستان ماوەی 10 ساڵە كۆنگرەی نەبەستووە، بۆیە ئەگەر تا پێش هەڵبژاردن كۆنگرە نەبەستێت ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەرێمی كوردستان بكات، هاوكات لە حاڵەتی بەستنی كۆنگرەشدا دەبێت ئەندامێكی ئێمە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادەی بەڕێوەچوونی كۆنگرە ببێت”.

وتەكانی ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەكاتێك كە بەپێی نووسراوێك كە ژمارە (724) لەسەرە و لە بەرواری 24ی ئەیلولی 2020 دەرچووە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاگادار كردووەتەوە، كە پێویستە كۆنگرە ببەستن بۆ ئەوەی مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكاندا نەفەوتێت.

لە نووسراوەكەدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرایكردووە، ” ساڵێك لەمەوبەر پارتی دیموكراتی كوردستان بەڵێننامەی لە كۆمسیۆن پڕكردووەتەوە، كە لە ماوەی 10 مانگدا بێ دواكەوتن كۆنگرە دەبەستێت، بەڵام پارتی بەڵێننامەكەی جێبەجێ نەكردووە.

پارتی دیموكراتی كوردستان ماوەی 10 ساڵە كۆنگرەی نەبەستووە، لە كاتێكدا بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە دەبێت چوار ساڵ جارێك كۆنگرە ببەستێت، سەرەتای ئەمساڵ سەركردایەتیی پارتی بڕیاریدا ساڵی 2020 كۆنگرەی 14 ببەسترێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو حزبە دەستیكرد بە ئامادەكارییەكان و پێشنیازی ئۆرگان و كادیرانی پێشكەوتووی حزبەكەی وەرگرت، بەڵام تا ئێستا ئەو كۆنگرەیە نەبەستراوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this