“پارتی بەدوای دەرفەتێكی گونجاودا دەگەڕێین بۆ بەستنی كۆنگرەی 14ی حزبەكەمان”

0
232
لۆگۆى پارتى دیموکراتى کوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید

وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات، دواكەوتنی نەبەستنی كۆنگرەی پارتی پەیوەندی بە شەڕی داعش و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەیە، بۆیە بەدوای دەرفەتێكی گونجاودا دەگەڕێین بۆ ئەوەی كۆنگرەی 14ی حزب ئەنجام بدەین و لە كۆنگرە بڕیار دەدرێت ( مەسعود بارزانی) بەسەرۆك هەڵبژێردرێتەوە.

فارس نەورۆڵی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە SNNی ڕاگەیاند: ئێمە ئاگاداری ئەو نوسراوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەر بەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق نین كە ئاراستەی كردوین لەبارەی بەستنی كۆنگرەوە، لەكاتێكدا ئێمە هەر پێشتر خۆمان بۆ بەستنی كۆنگرەی 14 ی حزب ئامادەكردبوو بەڵام چەند بارودۆخێك هاتنە ئاراوە كە هۆكارێك بوون بۆ نەبەستنی كۆنگرە لە كاتی خۆیدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، “سەرهەڵدانی شەری داعش و هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، یەكێك لەو دوو هۆكارە سەرەكییەن كە نەمانتوانیوە لەكاتی خۆیدا كۆنگرە ببەستین، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەدوای دەرفەتێكی گونجاودا دەگەڕێن كە یارمەتیدەرمان بێت بۆ بەستنی كۆنگرەی 14ی حزبەكەمان، بۆیەوەی جارێكی دیكە نوێبوونەوە لە ئۆرگان و لقەكان بێتە كایەوە”.

لەبارەی خۆكاندیدكردنەوەی (مەسعود بارزانی) بۆ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەی داهاتووی ئەو حزبەدا، وتەبێژەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەی خستەڕوو، ئێستا زووە بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدەین ئەوە بۆ كۆنگرە جێدەهێڵین.

وتەكانی ئەو بەرپرسەی پارتی لەكاتێكدا كە ئەمڕۆ (سەعید كاكەیی) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی سەربە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەوەی بە SNN ڕاگەیاند: ئەگەر پارتی تا پێش هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق نەتوانێت كۆنگرە ببەستێت ئەوا ناتوانێت بەشداری بكات لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this