وردەکاری دروستکردنی وێستگەیەکی ئەتۆمی لە عێراق

0
188

SNN

بە فەرمانێکی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چەند رۆژی رابردوودا لیژنەیەک بۆ بنیاتنانی وێستگەیەکی ئەتۆمی لە عێراق دروستکراوە، کە ئامانج لەو وێستگەیە بەکارهێنانیەتی لە بواری توێژینەوەدا.

ئامانجی عێراق لە دروستکردنی وێستگەکە، بە گوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، چارەسەرکردنی گرفتی کەمی کارەبایە کە چەندین ساڵە وڵاتەکە بەهۆی گەندەڵی و شەڕەوە زیانی بەرکەوتووە، کەمی کارەبا یەکێکیشبوو لە داواکارییە دیارەکانی خۆپیشاندەرانی تشرینی یەکەمی رابردوو کە بەشێوەیەکی فراوان وڵاتەکەی گرتەوە، لەلایەن چەند کەس و لایەنێکیشەوە داواکراوە لەم هەفتەیەدا خۆپیشاندانەکان دەستپێبکەنەوە.

بڕیارەکەی عێراق بۆ بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی لەدوای کۆبوونەوەیەکی سەرەتای ئەم مانگەی کازنی و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا دێت، کە تیایدا گرفتی کارەبای عێراق خرایە بەرباس و تاوتوێی بنیاتنانی ئەو وێستگە ئەتۆمییە کرا و سەرۆکی فەرەنساش پشتیوانی خۆی نیشاندا.

پڕۆژە ناوەکیەکە، لەژێر چاودێری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا دەبێت، کازمی بانگەشەی ئەوەدەکات، کە جگە لە چارەسەرکردنی گرفتی کارەبا، هەلی کاری زۆریش دەڕەخسێنێت.

ئەلمۆنیتەر دەڵێت، پڕۆژەکە لە بنەڕەتدا لە ساڵی 2009 پێشنیارکراوە و بڕیاربووە 2019 تەواوبێت، ئەگەر ئەوکاتەش تەواوبووایە ئەوا ئێستا پێداویستی نیوەی دانیشتوانی عێراق لە کارەبا پڕدەکرایەوە، بەڵام پلانەکان شکستیان هێنا. هاوکات وەک بەرپرسانی عێراقی دەڵێن: “عێراق دەیتوانی ئەو بڕی سوتەمەنییەی لە کارەبادا دەیسوتێنێت هەناردەی بکات و بەوەش قازانجێکی زیاتری دەکرد”.

کەمال حسێن سەرۆکی لیژنەی کۆنتڕۆڵ و سەرچاوەکانی تیشکدانەوەی ناوەکی، کە لیژنەکەی بەرپرسە لە کاروباری دروستکردنی وێستگەکە، لەوبارەیەوە وتوویەتی: بە گوێرەی پێشبینییەکانمان بنیاتنانی وێستگەکە پێنج ساڵ دەخایەنێت، پڕۆژەکە پێویستی بە دامەزراندنی ستافێکی گونجاو و راهێنانپێکردنیانە.

وتیشی: وێستگەی ئەتۆمیەکە بە توانایەکی بەهێزەوە دروستدەکرێت، ناوەندێکی تەندروستیش لە نزیکی دروستدەکرێت بۆ هەڵگرتنی دەرمانی ناوەکی.

ناوبراو پێی وایە دەبێت بە زوویی کاربکرێت بۆ ئەو پڕۆژەیە چونکە ئەگەر پەلە نەکرێت تا سەرەتای ساڵی 2030، پێویست دەکات نزیکەی نیوەی نەوتی عێراق بسوتێنرێت بۆ ئەوەی پێداویستی کارەبای وڵاتەکە پڕبکرێتەوە کە لە ئاستێکی بەرزدایە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this